مامۆستایانی زانكۆ: دەبێ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان پشتگیری لە ریفراندۆم بکەن
(د. زەكی ساڵم) مامۆستای زانكۆلە دهۆك بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: پرسی دیاریكردتی مافی چارەنووس، پرسێكی گەورە و گرینگە بۆ گەلی كورد، بۆیە دەبێت لایەنە سیاسییەكان زیاتر لە هەموو پرسەكانی دیكە، كێشە ناوخۆییەكان وەلاوە بنێن و پێكەوە گفتوگۆ بكەن و ریزەكان رێك بخەنەوە و یەكهەڵوێست بن، چونكە ئەركی سەرشانی هەموو تاكێك و سەرجەم لایەنە سیاسییەكانە پشتگیری لە ڕیفراندۆم بكەن.
گوتیشی: سەرۆكی هەرێمی كوردستان كەسایەتی و كاریزمایەكی گەورەی هەیە، لە سایەی بەرێزیانەوە ئەو هەموو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەمان بۆ دروست بووە، لەبەر كارێزماكەی زۆربەی وڵاتانی جیهان، وەك وڵاتێكی پێشكەوتوو تەماشای كورد دەكەن.
(د. تەحسین سالار) مامۆستای زانكۆ لە سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان دیار كرد، كۆبوونەوەی (سەرۆك بارزانی) لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، كۆبوونەوەیەكی مێژوویی و چارەنووساز بوو، بە ئامادەبوونی زۆربەی زۆری حزب و لایەنە سیاسییەكان كە تێدا بڕیارێكی چارەنووساز درا، ئەویش ریفراندۆم بوو بۆ پرسی سەربەخۆیی، لە هەرێمی كوردستان و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، دیارە ئەوە هەنگاوێكی زۆر گرنگ بوو، هەنگاوێكی مێژوویی و دڵخۆشكەر بوو، چونكە ساڵەهای ساڵە گەلی كوردستان قوربانی دەدات لە پێناو سەربەخۆیی و وەرگرتنی مافی چارەخۆنووسین.
(د. موئەیەد محەمەد) مامۆستای زانكۆ لە دهۆك بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: ریفراندۆم رۆژی بڕیاردانە لەسەر چارەنووسی خۆمان و رۆژی رێگریكردنە لە دەستێوەردانە دەرەكییەكانی ناوچەكە، بۆیە كاتی ئەوەیە ڕیفڕاندۆم لە هەرێمی كوردستاندا بكرێت و بیرۆ بۆچوونی میللەت وەربگیرێت، بۆ ئەوەش پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان بە تەبایی و برایەتی بچنە نێو ڕیفڕاندۆم و پشتگیریی لەو پرۆسەیە بكەن.
ئەوەشی گوت: سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دەستی بۆ پڕۆژەیەكی زۆر پیرۆز بردووە و نابێ حزبە سیاسییەكانی كوردستان لەمپەر لەبەردەم ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان دروست بكەن، بەڵكو دەبێ لەو ماوەی كە دیاری كراوە ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی گەلی كورد بە مافە ڕەواكانی خۆی بگات".
kdp-
