مەسیحییەکانی دیانا پشتگیری خۆیان بۆ ریفراندۆم دەربڕی

 مەسیحییەکانی دیانا پشتگیری خۆیان بۆ ریفراندۆم دەربڕی
مەسیحییەكانی دیانا پاڵپشتی و پشتگیری خۆیان بۆ ریفراندۆم دووپات دەكەنەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن دەنگی ئەوان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆی كوردستانە، چونكە لە كوردستان مافی ئەوان پارێزراوە، بۆ زیاتر پاراستنی ئەو مافەش دەنگ بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەدەین.

(شم یاقو) هاووڵاتیەكی مەسیحییە لە دیانا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: هەزارجار بەڵێ بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، لەبەر ئەوەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەبێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ ئێمە و ئازادبوونی ئێمە لە زوڵم و زۆرداری حكوومەتە یەك لە دوایەكەكانی عێراق كە بە درێژایی مێژوو ئێمە چەوسێنراونەتەوە و لەناوبراوین، هەر لەبەر ئەو حكوومەتە بە هەزاران خێزانی مەسیحی لە پارچەكانی دیكەی عێراق ئاوارەی هەرێمی كوردستان و ئەورووپا بوونە.

( سەرگیز حەنا) كەسێكی دیكەی مەسیحیە لە هەودیان كە دەكەوێتە سنووری سۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: هەر كاتێك سەربەخۆیی راگەینرا پێكهاتەكانی مەسیحی وەكو هەموو خەڵكی كوردستان بە ئاسوودەیی دەژین، چونكە چەندین خزم و كەسمان لە دەشتی نەینەوا هەن بەردەوام داواكاری ئەوان ئەوەیە بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لە زوڵم و زۆرداری حكوومەتی مووسڵ ڕزگار بن، بۆیە ئێمە وەك خەڵكی مەسیحی چاوەڕوانی 25/9 دەكەین بۆ ئەوەی بە بەڵێ دەنگی خۆمان بۆ سەربەخۆیی كوردستان و گەڕانەوەی ناوچەكانی خۆمان لە دەشتی نەینەوا بۆ سەر هەرێمی كوردستان بدەین.

(هورمز كلدۆ) هاووڵاتیەكی دیكەیە لە دیانا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: 100% ئێمە لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستانداین، چونكە ئەوە بە دەیان ساڵە ئێمە لێرە دەژین، هیچ كێشەیەكەمان نەبووە و زۆر بە ئاسوودەی لەگەڵ برا موسلمانەكان ژیاوین و حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش هیچ درێغیان نەكردووە لە هاوكاری كردنی ئێمە، بۆیە دەمانەوێت هەر لەو خۆشیەدا بژین، ئەوەش بە ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان زیاتر بە دی دێت.

( هارون هورمز) ئەویش خەڵكی هەودیانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان دیار كرد، مەسیحییەكانی كوردستان و عێراق لەگەڵ ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستانن، چونكە لە كوردستان مافی ئێمە پارێزراوە، پێشمەرگە قارەمانەكان لەسەر خاكی ئێمە لە دەشتی نەینەوا خوێنی خۆیان ڕشت و گیانی خۆیان بەخت كرد بۆ ئەوەی ناوچەكانی ئێمە ئازاد بكرێن و بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بە ئازادی بژین و هەر لە خۆشیدا بین دەنگی خۆمان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەدەین".
.kdp-
Top