کارەبای سلێمانی: مانگی داھاتوو 24 کاتژمێر کارەبا بە ھاووڵاتییان دەدرێت
بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی، ئاشکرای دەکات کە مانگی داھاتوو 24 کاتژمێر کارەبا دەدرێتە ھاووڵاتیان و نرخی کارەبای موەلیدەش بۆ مانگی حوزێرانی دیاری کرد.
سیروان محەمەد، گوتەبێژی کارەبای سلێمانی، ڕاگەیاند: "لەمیانی کۆبونەوەیەکی لایەنە پەیوەندارەکانی تایبەت بە کارەبا، بڕیار درا کە بۆ مانگی تەموز رۆژانە بە کارەبای نیشتمانی و مۆلیدەی ئەھلی 24 کاتژمێر کارەبا بە ھاووڵاتییان بدرێت، بەو پێیە ھەرکاتێک کارەبای نیشتمانی بڕا، ئەوا پێویستە مۆلیدە ئەھلییەکان کارەبا بە ھاوڵاتییان بدەن".
گوتەبێژی کارەبای سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو: "ھاوکات ھەر لەو کۆبونەوەیەدا کە ئەمڕۆ 29 ی حوزێران، بەڕێوەچوو نرخی کارەبای مولیدە ئەھلییەکان بۆ مانگی حوزێران بەگوێرەی نرخی گازوایل لەبازاڕدا دیاری کرا، نرخی کاتژمێرێک بۆ ئەمپێر بە (40.5) دینار دانرا، واتە مۆلیدەکان لەمانگی حوزێران چەند کاتژمێر کاریان کردبێت لە نرخی (40.5) بۆ ئەمپێرێک دەردەچێت".
ھێمای بۆ ئەوەشکرد: "لە کۆبونەوەکەدا جەخت کرایەوە کە ھەر مۆلیدەیەک لەکارکردن و پێدانی کارەبا نابێت 15 خولەک زیاتر دوابکەوێت، بەپێچەوانەوە سەرپێچییە و سزا دەدرێت، ھەروەھا ھەر مۆلیدەیەک لە ماوەی 15 رۆژدا زیاتر لە سێ جار لەکار بکەوێت پێویستە مۆلیدەی نوێ دابنرێت، بەپێچەوانەوەی مۆڵەتەکەی لێوەردەگیرێتەوە".
BAS NEWS-
