20 منداڵی دەستبەسەركراو لە دەست داعش رزگار دەكرێن

  20 منداڵی دەستبەسەركراو لە دەست داعش رزگار دەكرێن
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20 منداڵی دەستبەسەركراو لە میانی رزگاركردنەوەی نەخۆشخانەی بەتول و باڵەخانەی فەرمانگەی ناكامەكان لە ناوچەی مووسڵی كۆن رزگار كران.


فەریق رائید شاكر جەودەت فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵ، لە بەیاننامەكەدا كۆنتڕۆڵكردنەوەی نەخۆشخانەی بەتول و باڵەخانەی فەرمانگەی ناكامەكانی لە ناوچەی مووسڵی كۆن راگەیاند. ئاماژەی بەوەش دا كە هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ توانیویانە لە گەڕەكی شیفا لە ناوچەی مووسڵی كۆن 20 منداڵی دەستبەسەركراویش رزگار بكەن.


هەروەها گوتی لە میانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی نەخۆشخانە و فەرمانگەكە، هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ و سوات، 45 چەكداری داعشیان كوشتووە و شەش ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویشیان تێكشكاندووە و تونێلێكشیان لەناو كۆمەڵگەی پزیشكی لە گەڕەكی شیفا دۆزیوەتەوە.


فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵ ئەوەشی روون كردەوە كە لەلایەكی دیكەوە هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ بە 150 مەتر لە ناوچەكانی باب جەدید و باب لگەش لە مووسڵی كۆن پێشڕەویان كردووە و توانیویانە هەشت چەكداری داعش بكوژن و شەش ماتۆڕسكیل و حەفت ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویشیان تێكشكاندووە.

ئاماژەی بەوەش داوە كە لە لایەكی دیكەوە هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ، كڵێسای ساعە و مزگەوتی عومەر ئەسودیان لە ناوچەی باب جەدید كۆنتڕۆڵكردەوە.
bas news-
Top