چوار كچی كوردی ئێزیدی لە دەست داعش رزگار كران

 چوار كچی كوردی ئێزیدی لە دەست داعش رزگار كران

ئەفسەرێكی كوردی ئێزیدی لە وەزارەتی ناوەخۆی عێراق رایگەیاند ئەمڕۆ پێنجشەممە چەندین رفێندراو لە دەست داعش رزگار كراون، لەوانەش چوار كچی كوردی ئێزیدییان لەنێودایە.


نەقیب رەغدان مادۆ لەمبارەیەوە دووپاتی كردەوە چوار كچە كوردە ئێزیدیەكە لە گەڕەكی شیفای مووسڵ رزگار كراون، كە لە مانگی ئابی 2014وە لەلایەن چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە لە شنگال رفێندرابوون.


هەروەها گوتی لە میانی هێرشەكانی ئەمڕۆی هێزە عێراقیەكان بۆ سەر گەرەكی مووسڵی كۆن، بەتایبەتی گەرەكی شیفا، چەندین ژن و پیاوی رفێندراوی ناوچە جیاوازەكانی دەشتی نەینەوایان رزگار كردووە.


ئەوەشی دووپات كردەوە كە هەموویان تەندروستیان باشە و چاوەڕوانی تەواوبوونی رێوشوێنە پێویستەكان دەكەن، بۆ ئەوەی بدرێنەوە دەست كەسوكارەكانیان.


ئەفسەرەكە ناوی چەند كەسێك لە رزگاركراوەكانی ئەمڕۆی خستەڕوو، كە بریتیین لەمانە:


ئەسما بەرەكات خەڵكی تەل بەناتە لە شنگال.



ئەسرا بەرەكات خەڵكی تەل بەناتە لە شنگال.



روقیە بەسام ئەحمد خەڵكی گەڕەكی تەئمیمە لە شنگال.


عادل عەباس خەڵكی شنگالە.


ئەلياس خدر خەڵكی شنگالە.


موسا خدر ئەبلەحەد مەسيحیە و خەڵكی بەعشیقەیە.


سەبيحە بۆڵس خەڵكی بەرتڵەیە.


سەعد جەمال سەعيد مەسیحیە و خەڵكی گەڕەكی مەساریفی مووسڵە.
bas news-
Top