فەرەنسا.. لە كۆشكی سیناتۆرەكان پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان خرایە بەرباس

 فەرەنسا.. لە كۆشكی سیناتۆرەكان پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان خرایە بەرباس
زانكۆی سۆران بە هاوبەشی ئەنستیتیوی كورد لە پاریس، لە كۆشكی سیناتۆرەكانی فەرەنسا، لەبارەی داهاتووی كوردستان و عێراق و پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان گفتوگۆی كرد.

د.موسلیح مستەفا، سەرۆكی زانكۆی سۆران، رایگەیاند، لە درێژەی كار و چالاكی و پەیوەندییە ئەكادیمییە نێودەوڵەتییەكانیدا، زانكۆی سۆران بە هاوبەشی ئەنستیتیوی كورد لە پاریس لەم چەند رۆژی رابردوودا كۆنفرانسێكی لەژێر ناوی "كوردستان ٢٠٠٣ - ٢٠١٧، لە فیدراڵیزمەوە بەرەو سەربەخۆیی" لە كۆشكی سیناتۆرەكانی فەرەنسا بەڕێوە برد، لەم كۆنفرانسەدا، ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەكادیمیست، لێكۆڵەر، سیاسەتمەداری كورد و بیانی بەشدارییان كرد و تەواوی گفتوگۆكانیش لەسەر داهاتووی كوردستان و عێراق و پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بوون".

سەرۆكی زانكۆی سۆران، گووتیشی "ئەم كۆنفرانسە نێودەوڵەتییە یەكێكە لەو چەندین چالاكییەكەی زانكۆی سۆران، لە كوردستان و دەرەوەی كوردستان ئەنجامی داوە، كە ئەمە یەكەمجارە لە مێژوودا زانكۆیەكی هەرێمی كوردستان، لەم شوێنە گرنگە كۆنفرانس ببەستێت و پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان تاوتوێ بكات".

ئەوەشی خستەڕوو "بڕیاریشە لە 3 مانگی داهاتووودا لە ئەمریكا و ئەڵمانیا كۆنفرانسی ئەكادیمی دیكە لەگەڵ چەند زانكۆ و ناوەندێكی لێكۆڵینەوەی زانستیی بەڕێوە دەبات".












باسنیوز
Top