عوسمان ئۆجەلان: بارزانی لە وتارەکەیدا پەیامێکی گرنگی بە عێراق و ئەمریکا دا

 عوسمان ئۆجەلان: بارزانی لە وتارەکەیدا پەیامێکی گرنگی بە عێراق و ئەمریکا دا
سیاسەتمەدارێکی باکووری کوردستان باس لە گرنگیی دوایین وتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەو وتارەدا بارزانی ”پەیامێکی گرنگ“ی بە عێراق و ئەمریکا“ داوە.

عوسمان ئۆجەلان، سیاسەتمەداری کوردی باکووری کوردستان، ڕایگەیاند، سەرۆک بارزانی لە وتارەکەیدا لە ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریکی، ئاماژەی بەوە داوە ”حکومەتی فیدرالیی عێراق ئامادە نەبوو چەک بە پێشمەرگە بدات و بودجەی ھەرێمی کوردستانیش بنێرێت کە لە دەستووری عێراق بڕیاری لێ درابوو. ئەگەر ئێمە وڵاتێکی سەربەخۆبووینایە، دەمانتوانی ھێزەکانمان پڕچەک بکەین و خۆمان باشتر بەڕێوە ببەین“. بۆیە ئۆجەلان دەڵێت: ”ئەمە پەیامێکە بۆ بەغدا و واشنتۆن، ئەگەر لە ڕابردوودا کوردستان سەربەخۆ بووایە، ئەم ھەموو قوربانییە نەدەدرا، دواتر ئەگەر کوردستان دەوڵەت بووایە، کارەساتی مووسڵ وەک ئێستا نەدەبوو، چونکە دەوڵەتێکی بەھێز بەچەک و مەشق و سەروەرییەوە زۆر باشتر دەبوو لە ھەرێمێکی چەند پارێزگایی کە دواجار خۆی تووشی شەڕەکە بوو، واتە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان جگە لەوەی گەرەنتی پاراستنی ئارامیی ناوچەکە دەکات، لەھەمان کاتدا بۆ ڕاگرتنی ھاوسەنگیی ھێز لە ناوچەکە گرنگ دەبێت“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”ڕەنگە بارزانی لەم قسەیەدا ئەوە بە ئەمریکا و عێراقیش بڵێت کە خواستی گەلی کوردستان لەوە سەرچاوە دەگرێت کە جارێکی دیکە سیناریۆی مووسڵ دووبارە نەبێتەوە، چونکە ھیچ گەرەنتییەک نییە لەگەڵ عێراقدا بمێنینەوە و مووسڵ دووبارە نەبێتەوە".

پێشیوایە کە دەبێت ئەمریکا لەوە بگات، ئەگەر سوپایەکی بەھێز لە کوردستان ھەبێت و ھەماھەنگی لەگەڵ سوپای عێراق هەبێت، ئەگەری ترسناک لەناو دەچێت و بەڵگەشی بەو هەماهەنگییە هێنایەوە کە لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە پرۆسەی ئازادکردنەوەی مووسڵدا هەبووە. گوتیشی: ”بارزانی لە وتارەکەیدا پێیان دەڵێت کە دەبێت ڕێز لە ئیرادە و دەنگی خەڵکی کوردستان بگیرێت، جگە لەوەی بارزانی نموونەی ڕیفراندۆمی تورکیا و بەریتانیا و سکۆتلەندای لەبەرچاوە، کاتێک گەلی ئەوان بڕیاری خۆیان دا، ئەمریکا و جیھان پشتیوانییان لێ کردن، بۆیە دەبێت ئەمەش بۆ کوردستان ھەبێت“.











باسنیوز
Top