پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتی: هەندێک حزبی کوردستان چاوپۆشی لە پێشێلکارییەکانی ئێران دەکەن
سۆران سێوکانی، چاودێری سیاسی، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: ”ئێران 10 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، کەچی دەنگە دلێرەکانی دژی تورکیا، کڕ کەوتوون“. دەشپرسێت: ”تۆ بڵیی ئێران ئازادیخواز بێت و تورکیا داگیرکەر بێت؟ کەمپینچییەکان لە کوێن؟ پەکەکەش بێ کێشە ڕێگەی پێ داون“.
لەلایەن خۆیەوە د. فوئاد ئەحمەد بابان، پەرلەمانتاری خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی، ڕایگەیاند: ”تادێت فشاری ئێران بۆ وازھێنانی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان لە پرسی ڕیفراندۆم زیاتر دەبێت، ئێران دەستی کردووە بە گرتنەوەی ئاوی ڕووباری (سیروان) و لادانی ڕێرەوی ئاوە کۆنەکە، ئێران ھەوڵیشیدا ئاوی خانەقین بگرێتەوە، ھەوڵەکان چڕدەکەنەوە تا فشار بخەنە سەر ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی حکوومەتی ھەرێم و جەماوەر ناچار بکەن واز لە خواستەکانیان بهێنن".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی بێدەنگیی ”هەندێک حزب و پشتیوانیکردنیان لە هەوڵەکانی ئێران“، د. فوئاد بابان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ”ئەمە پەیوەندی ھەیە بە لایەنە سیاسییەکان خۆیانەوە، کاریگەریی ئێران لەسەریان وای کردووە کە بێ دەنگ بن بەرانبەر بە ئێران، ئەو فشارانە دەیان کات پەیوەندی بە عێراقیشەوە هەیە، چونکە ئێران فشار لەسەر عێراق دەکات، عێراقیش لەسەر ھەندێک حزبی کوردستان، ئەمەش وای کردووە کە لە بەرانبەر ھەوڵەکانی ئێران بێ دەنگی ھەڵبژێرن، بەڵام بۆ تورکیا وانین“.
لە ماوەی ڕابردوو هەندێک سەرچاوەی نافەرمی ئەوەیان ئاشکرا کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر هێزەکانی هێناوەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە سنووری قەڵادزێ.
باسنیوز
