ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. لە ماوەی شەش مانگدا 51 بەندکراوی کورد لەسێدارە دراون
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی (هەنگاو) لە سەرەتای ساڵی زایینییەوە هەتا ئێستا (شەش مانگەی یەکەمی ئەمساڵ) سزای سیدارەی 49 هاووڵاتیی کورد لە 14 گرتووخانەی ئێران بەڕێوە چووە و دوو هاووڵاتیش لە شاری (سەرپێڵزەهاو)ی کرماشان لە پێش چاوی خەڵک و لە شوێنە گشتییەکان لەسیدارە دراون.
بەپێی هەمان ڕاپۆرت 21 هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ لەو ماوە زەمەنییەدا لەسێدارە دراون، لە پاریزگای کرماشان 13 هاووڵاتی، لە پارێزگای سنە 7 هاووڵاتی و لە پارێزگای لوڕستانیش 6 هاووڵاتی و لە پارێزگای ئیلامیش دوو هاووڵاتی و هاوکات دوو کوردی خوراسانیش لەلایەن دەزگای دادوەریی ئیرانەوە لەسیدارە دراون.
ئەو بەندکراوانەی کە لەسێدارە دراون، زۆرترینیان بە تۆمەتی (تاوانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان) سزای سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە و سزاکانیان جێبەجێ کراو کە ژمارەیان 33 کەسە.
14 کەسی دیکەش بە تۆمەتی (کوشتنی بەئەنقەست و دزیی چەکدارانە) و کەسێکیش بە تاوانی دەستدرێژی لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە 49 هاووڵاتی لە 14 گرتووخانەی (ورمێ، کەرەج، هەمەدان، خوڕەمئاوا، مەراغە، مەشهەد، بوناب، ئیلام، قەزوێن، ڕەشت، ئەراک، خۆی و زەنجان) لەسێدارە دراون و دوو هاووڵاتیش لە شاری سەرپێڵزەهاو لەبەرچاوی خەڵکەوە لەسێدارە دراون.
باسنيوز
