سلێمانی.. ئەمشەو یادی حەسەن زیرەک دەکرێتەوە

سلێمانی.. ئەمشەو یادی حەسەن زیرەک دەکرێتەوە
بە بەشداری ژمارەیەک ھونەرمەند، ئەمشەو لەشاری سلێمانی، یادی ھونەرمەندی گەورەی کورد حەسەن زیرەک، دەکرێتەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە 28/6/2017 جەزای ساز، سەرۆکی کۆمەڵەی ھونەرمەندانی میللی، لەلێدوانێکدا ڕای گەیاند: "بەبۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی ھونەرمەندی گەورەی گەلی کورد ھونەرمەند حەسەن زیرەک، ئەم شەو لە قاوەخانەی کلتووری فەرمانبەران، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک ھونەردۆستی خۆبەخش یادی ئەو کەڵە ھونەرمەندە دەکەینەوە".


سەرۆکی کۆمەڵەی ھونەرمەندانی میللی، ئەوەشی روون کردەوە: "ژمارەیەک ژەنیاری بەتوانا ئامادەی یادەکە دەبن، ھەروەھا سێ ھونەرمەندی بەتوانای وەک ئیحسان زیرەک، سیروان زیرەک، ھۆشیار سیوەیلی، بە دەنگە خۆشەکەیان گۆرانییەکانی مامۆستا حەسەن زیرەک دەڵێنەوە".



ئەوەشی خستەڕوو: "ئێمە وەک کۆمەڵەی ھونەرمەندانی میللی ھونەرمەند حەسەن زیرەک، بە ئەستێرەی ئاسمانی ھونەری کوردی دەزانین، چونکە خاوەنی دەنگێکی کریستاڵییە و ھیچ کات ئەو دەنگە کۆن نابێت، بۆیە ئێمە ھەموو ساڵێک بەگرنگیەکی زۆرەوە یادی ئەو ھونەرمەندە دەنگ زوڵاڵەی کوردستان دەکەینەوە".



حەسەن زیرەک، ھونەرمەندی ناودار کورد، ساڵی ١٩٢١ لە شاری بۆکان لەدایکبووە، ئەو یەکێکە لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی کورد بەرچاوترین کاری ئەو کۆکردنەوەی گەنجینیەیەک لە ھونەری ئاواز و گۆرانی کوردییە کە بە دەنگی ئەو گوتراوەتەوە.
bas news-
Top