بارزانی نەخشە ڕێگای سەربەخۆیی كوردستان ئاشكرا دەكات
مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی لە وتارێكیدا بۆ رۆژنامەی (وانشتن پۆست)ی ئەمەریكی، بە ناونیشانی (ئێستە کاتى برياردانه لهسهر سەربەخۆیی کوردستان)، باس لە نەخشە ڕێگاكەی بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكات.
ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەكەی سەرۆكی كوردستانە
رۆژی 25/9 دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە ریفراندۆمێکی مولزەمدا بڕیار دەدەن ئایا لەگەڵ عێراق بمێننەوە یان سەربەخۆیی رابگەیەنن. دەنگدانەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکە کە هێندەی تەمەنی دەوڵەتی عێراق کۆنە و حکومەتی بەغداش ساڵانێکە هیوا و خواستەکانی گەلی کورد پێشێل دەکا و وەک هاووڵاتی پلە دوو مامەڵە لەگەڵ کورد دەکا. بڕیاردان لەسەر دیاریکردنی چارەنووس، مافێکی رەوای هەرێمی کوردستانی عێراقە و دەستكارى سنوورى هيچ ولاتێکى دراوسێ ناكات، نەك تەنيا هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ لایەنێک، بەڵکو دەبێتە هۆی سەقامگیری زیاتری ناوچەکە و پەیوەندی نێوان کورد وعەرەب لە عێراقدا بەهێزتر دەکات. ئێمە ئامادەین هەموو نیگەرانییەکانی عێراقییەکان لەبەرچاو بگرین کە بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەیانە.
سەربەخۆیی کوردستان کارێکە هەر روودەدات. سەد ساڵ لەمەوبەر و دوای کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی، بەڵێنی دروستکردنی دەوڵەت بە کورد درا و پاشان بەبێ ویستی خۆمان، نيشتمانەكەمان بەسەر عێراق، ئێران، توركيا و سووريادا دابەش كرا. بڕیار بوو دەوڵەتی تازە دروستکراوی عێراق، لەسهر بنهماى شهراكەتى يەكسان بێت له نێوان كورد و عەرەب. بەڵام هەر زوو ئەو خهونه گهشه بووه واقيعێکی تاڵ. حکومەتە يهك له دواى يهكهكانى عێراق کوردیان چەوساندووەتەوە و دواجار گەیشتە ئەوەی لە ساڵانی هەشتاكان سەدام حوسێن بە شێوەیەکی بەربڵاو گازی کیمیاویی بەسەر گوند و شارەکانی کوردستاندا باراند. زیاتر لە پێنج هەزار گوندی لەگەڵ زەوی تەخت کرد و خەڵکەکەشی لە ناوچەکانی باشووری عێراق گوللـەباران کردن و لە گۆڕی بەکۆمەڵدا زیندەبەچاڵی کردن. سەد و هەشتا و دوو هەزار کەس (لە نێویشیاندا ئەندامانی بنەماڵەکەم)ی لەنێوبرد، كه دەتوانین بڵێین ژمارەی قوربانییەکان %5 خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبوون.
لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن، کورد زۆر سەرسەختانە و بە هەموو توانایەکیانەوە کاریان بۆ بنیاتنانی عێراقێکی نوێ کرد و رەشنووسى دەستوورێکی تازە بۆ عێراق نووسرا کە مافی هەموو عێراقییەکانی لەبەرچاو گرتبوو، هەروەها مافی خۆبەڕێوەبردنى بۆ هەرێمی کوردستانیش تێدابوو. بەڵام دوای چواردە ساڵ، چەندین مادە و بڕگەی سەرەکی دەستووری عێراق پشتگوێ خران و جێبەجێ نەکران و جێبەجێش ناکرێن.
سیستەمی سیاسی شکستی هێنا و پەیوەندی نێوان سونە و شیعەکانی عێراق بە شێوەیەک تێکچوو کە سەرئەنجام داعش سەری هەڵدا و بووە کارەساتێکی گەورە بۆ هەموو عێراقییەکان بە کوردیشەوە.
هەمیشە دەگوترێت کە عێراقێکی یەکگرتووی یەکپارچە، زیاتر دەتوانێت هاووڵاتییەکانی بپارێزێت. بەڵام ئێمە پێچەوانەی ئەوەمان بینی. کە داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر کوردستان و ئەو چەکە ئەمەریکییە بەهێزانەی بەکار هێنا کە سوپای عێراق لە مووسڵ بەدوای خۆیدا بەجێی هێشتن. ئەوکاتە حکومەتی فیدرالی عێراق ئامادە نەبوو چەک بە پێشمەرگە بدات و بودجەی هەرێمی کوردستانیش بنێرێت کە لە دەستووری عێراق بڕیاری لێ درابوو. ئەگەر ئێمە وڵاتێکی سەربەخۆ بوونایە، دەمانتوانی هێزەکانمان پڕچەک بکەین و خۆمان باشتر بەڕێوە ببەین و بە قوربانییەکی کەمتر و زووتریش شەڕی داعش ببەینەوە.
شەڕ لە دژی داعش، مۆدێل و شێوازێکی هەماهەنگی تازەی لە نێوان کورد وعەرەب هێنایە ئاراوە کە دەکرێ لە داهاتووشدا سوودی لێ وەربگیرێت. لە شەڕی لەناوبردنی داعش لە عێراق، پێشمەرگە و سوپای عێراق وەک دوو سوپای هاوپەیمان هەماهەنگی دەکەن. هەر سوپایەک سەرکردایەتی خۆی هەیە. ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سوپای عێراق و پێشمەرگە، هەماهەنگی و هاوکاری نێوانیان بە ئاستێک بوو، کە هەرگیز بەو شێوەیە نەدەبوو ئەگەر عێراق خۆی بەسەر کوردستاندا بسەپێنێ و کۆنترۆڵی بکات.
ئەنجامی ریفراندۆم هەرچییەک بێت، ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی باشترین هەماهەنگیمان لەگەڵ عێراقییەکان و هێزەکانی رۆژئاوا هەبێت بۆ لەناوبردنی یەکجارەکی داعش.
کوردستانێکی سەربەخۆ دەتوانێ پەیوەندییەکی باشتر و بەهێزتری لەوەی ئێستەی لەگەڵ حکومەتی بەغدا هەبێت و دەبێتە دراوسێیەکی باش.
دەکرێ هەماهەنگی دژی تیرۆر و هاوبەشیکردنی لە سەرچاوەکان (لەوانەش ئاو و نەوت و گاز) هەبێت بە شێوەیەک کە لە خزمەتی هەردوو وڵاتدا بێت و ببێتە هۆی سەقامگیریی و ئاشتی لە نێوان عێراق و کوردستان. ئەگەر ئەو ئابڵووقهيه نهبێت كه عێراق خستوويهتيه سهر ههنارده و هاوردهكانمان، دەکرێ هەردوولامان بە هاوبەشی سامانە مرۆیی و سروشتییەکانمان پەرە پێ بدەین لە بازاڕێکی ئازادی هاوبەشدا کە ئێستە لە ئارادا نییە.
لە کاتێکدا ئەنجامی ریفراندۆم دەبێتە پابەندبوون و حکومەتەکانی داهاتووی کوردستان پێویستە ئیلتیزامی پێوە بکەن و پێیەوە پابەندبن. بەڵام کاتی راگەیاندنی سەربەخۆیی پەیوەستە بە دانوستان لەگەڵ بەغدا و راوێژکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. دانوستانمان لەگەڵ بەغدا واقیعبینانە دەبێت. خاڵی هەرە ناکۆک ئەوە دەبێت کە چ ناوچەیەک دێتە سەر کوردستان.
بەپێی دەستوورى عێراق، دەبوايه تا 31 ديسەمبەرى 2007، مادەى 140 جێبەجێ بکرێت. بەپێی ئەو مادەیە، دەبوايه خەڵکی ئەو ناوچانه بەشێوەیەكى ديموكراتيانه بڕيار له چارەنووسى خۆيان بدەن. بەڵام دواى نزيكەى ده ساڵ، ئێمه ئەو دەرفەته بەو خەڵکە دەدەين. ئێمە دەمانەوێت ئەو ناوچانە بێنە سەر هەرێمی کوردستان کە زۆرینەی خەڵکەکەی لە هەڵبژاردنێکی ئازاد دەنگ بۆ پەیوەستبوون بە هەرێمی کوردستان دەدەن. ئێمە بە هیچ شێوەیەک نامانەوێ کێشەکانی پەیوەست بە سنوور و ناوچەکانی جێ ناکۆک لە نێوان ئێمە و عێراقدا هەبێت کە چارەسەر نەکردنیان دەبێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانمان لە دوارۆژدا.
لەوەتەی کوردستان لە ساڵی 1991 خۆی بەڕێوە دەبات. بە هەموو شێوەیەک کارمان کردووە کە پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ دراوسێکانمان هەبێت. تورکیا گەورەترین وەبەرهێنەرە لە کوردستان و نەوت و گازیش لە رێی تورکیاوە دەنێردرێتە دەرەوە کە خزمەت بە هەردوولامان دەکات. ئێمە لە کاتێکدا لە نیگەرانییەکانی وڵاتانی دراوسێ تێدەگەین لەبارەی ریفراندۆمەوە. دڵنیایی تەواویش دەدەین کە کوردستانێکی دیموکرات و سەقامگیر، دەبێتە دراوسێیەکی باش بۆ ئەوان.
بەها و دەوڵەمەندی کوردستان لە هەمەڕەنگی و فرە پێکهاتەکەیدایە. کوردستان وڵاتی کریستیان و ئێزیدی و تورکمان و شەبەکە، کە ناسنامەی جیاوازی ئەو پێکهاتانە لە یاساکانی کوردستاندا دانی پێدا نراوە. لە ساڵی 2003وە بە هەزاران مەسیحی عێراقی لە شەڕ و چەوساندنەوە لە ناوچەکانی عێراق هەڵاتوون و روویان لە کوردستان کردووە.
دوای ئەوەی داعشیش لە ساڵی 2014 دەستی بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوانی عێراقدا گرت. کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار ئاوارەی عێراقی لە باوەش گرتووە کە کەمترین یارمەتیان لە لایەن حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشکەش کراوە.
دوای زیاتر لە یەک سەدە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بە زۆر کورد لە عێراقدا بژی. بەڵام ئەو سیاسەتە نە بۆ ئێمە و نە بۆ عێراقییەکان سوودی نەبووە. بۆیە ئێمە داوا لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، رێز لە خواست و بڕیاری دیموکراتیانەی خەڵکی کوردستان بگرن. دڵنیاین لەوەی لە دوارۆژدا کوردستان و عێراق لە بارودۆخێکی باشتردا دەژین.
bas news-
