كه‌سایه‌تییه‌كی عێراقی: دوای داعش سه‌دان جۆری دیكه داعش سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن
ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكی عه‌شیره‌ته‌كان له عێراق، ئاماژه به‌وه ده‌دات كه قۆناغی دوای شه‌ڕی دژ به داعش، مه‌ترسیدار ده‌بێت و ده‌ڵێت "زۆر مه‌ترسی شه‌ڕی تایفه‌گه‌ری هه‌یه".
شێخ عه‌بدوڵا ئه‌لدلێمی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكی عه‌شیره‌ته‌كان له عێراق، به ده‌نگی ئه‌مریكا راگه‌یاندووه: "ڕاستییه‌ك هه‌یه و پێویسته بزانرێت كه سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئه‌م دواییه له به‌ره‌كانی جه‌نگی دژی داعشدا و ئازادكردنی ناوچه‌كان نابنه مایه‌ی كۆتاییهاتن به داعش، چونكه گه‌ر داعش هه‌موو عێراقیشی به جێهێشت ئه‌وا داعشی تر و له جۆری تر سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن".
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكی عه‌شیره‌ته‌كان، ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو: "داعشی سیاسی هه‌ن، داعش هه‌ن كه ئه‌جه‌ندای وڵاتانی بیانییان پێیه و ئامانج، خواست و به‌رژه‌وه‌ندیشیان له عێراقدا هه‌یه".
جه‌ختی له‌وه‌ش كردوه‌ته‌وه: "له ئاوا ڕه‌وشێكدا حكوومه‌تی عێراق ناتوانێت ده‌ست به‌و شوێنانه‌وه بگرێت كه ئازادی كردوون، هۆیه‌كه‌یشی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌رفراوانی ڕووبه‌ری عێراق و هێشتاش بیابانی رۆژئاوا بۆ وڵاتانی دراوسێ كراوه‌یه، چونكه تواناییه‌كانی له‌شكری عێراقیش سنوورداره".
ئه‌م ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكی عه‌شره‌ته‌كان له عێراق هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی دابه‌ش ده‌كات به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا، وه‌ك ده‌ڵێت: "به‌شێكی ئه‌م هێزانه‌ی شیعه‌كان ئه‌ركێكی نیشتمانی به‌جێ ده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵام به‌شه‌كه‌ی تریان حه‌شدی شه‌عبی نین و ناوی حه‌شدیان بۆ دانراوه، چونكه ئه‌و هێزه ده‌ره‌كییانه هێناویانه‌ته ناو عێراقه‌وه كه ناخوازن عێراق وڵاتێكی پارێزراوی سه‌قامگیر بێت و به ئاشتییانه بژێت، هه‌ر وڵاتێك ده‌ستی خراپی له عێراقدا هه‌بێت نمونه‌ی ئه‌و حه‌شدانه‌ی هه‌یه، له‌وانه كۆماری ئیسلامی ئێران".
bas news-
