ھەولێر.. مێرمنداڵێک لە ئاوی زێی گەورە خنکا
دوای نێوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، گەنجێک لە ڕووباری زێی گەورە لە شارەدێی کەورکۆسک خنکا.
ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر، ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ چوارشەممە 28/6/2017 مێرمنداڵێک بە ناوی عەلی خەلیل ئەحمەد، تەمەن 13 ساڵ، کە کوردی ڕۆژئاوایە و دانیشتووی کەمپی دارە شەکرانە، بۆ مەبەستی مەلەکردن لەگەڵ دوو ھاوڕی ڕۆیشتوون، بەڵام بەھۆی نەزانینی مەلەوە خنکا، دواتر لەلایەن تیمی غەواسی شارۆچکەی خەباتەوە تەرمەکەی دەرھێنرا".
گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر، ئەوەشی خستەڕوو: "باوکی عەلی سکاڵای لەسەر دوو ھاوڕێکەی تۆمار کردووە، چونکە پێشتر ئاگاداری کردوونەوە کە لەگەڵ کوڕەکەی نەگەڕین، بەڵام ئەوان گویان پێ نەداوە ، ئەو دوو ھاوڕێکەی بە تاوانبار دەزانی".
گوتیشی: "تەرمەکەش ڕەوانەی نەخۆشخانەی پزیشکی دادی ھەولیرکڕاوە".
ھۆگر عەزیز، ئەوەشی روون کردەوە کە ئێستا بەھۆی ئەو گەرمایە زۆرەی روو لە ھەولێر کردووە، خەڵکێکی زۆر روویان لە زێ گۆماوەکان کردووە، گوتیشی: "داوا دەکەین ھاووڵاتییان کە شارەزاییان لە مەلەکردن نیسە یاخود توانای مەڵەکردنیان نییە، بۆ ئەم شوێنانە نەچن، تایبەت شوینی غەسالەکان".
bas news-
