عەبدولخالق تەڵعەت: هەولێر ئارامترین جەژنی بەڕێ كرد

 	 عەبدولخالق تەڵعەت: هەولێر ئارامترین جەژنی بەڕێ كرد
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، لە سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا، هیچ حاڵەتێكی تاوان ڕووی نەداوە و هەولێر ئارامترین جەژنی بەڕێ كرد.

لیوای مافپەروەر (عەبدولخالق تەڵعەت)، بۆ مێدیاكان گوتی، سەرباری ئەوەی كە لەم جەژنەدا پتر لە 60 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان كردبوو، هیچ حاڵەتێكی نەخوازراو لەو سێ ڕۆژەدا ڕووی نەداوە و خەڵك لەوپەڕی ئارامیدا جەژنیان پیرۆز كرد.

وەك بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر جەختی كردەوە، ئەو پلانە ئەمنییەی كە پۆلیسی هەولێر بە هەماهەنگیی ئاسایش، پۆلیسی هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی، فریاكەوتن و هێزە ئەمنییەكانی دیكە دایانڕشتبوو، 100% سەركەوتوو بوو و هیچ ڕووداوێكی نائاسایی و نایاسایی ڕووی نەداوە.

لیوا (عەبدولخالق) بە پێداگرییشەوە ئاماژەی دا، هاوكاریی خەڵكی هەولێر هۆكار بووە بۆ ئەوەی هیچ ڕوو نەدات و بەردەوام لەگەڵ هێزە ئەمنییەكاندا لە پەیوەندیدا بوون.

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ده‌شڵێ، "ئه‌وه‌ش سێیەم جەژنە هەولێر هیچ حاڵەتێكی تێدا ڕوو نادات و هاونیشتمانیان لە كەشێكی ئارامدا نەریتە ئایینییە كۆمەڵایەتییەكان بەڕێ دەكەن".
kdp-
Top