هەولێر؛ ١٢٠ هەزار هاووڵاتی بوونەتە خاوەنی کارتی نیشتمانی

هەولێر؛ ١٢٠ هەزار هاووڵاتی بوونەتە خاوەنی کارتی نیشتمانی
بەڕێوەبەری رەگەزنامە و باری شارستانی ھەولێر ئاشکرای کرد، چوار فەرمانگەی دیکەی کارتی نیشتیمانی دەسبەکاردەبن بۆ دەرکردنی کارتی نیشتیمانی. دەشڵێ، نیوەی تۆماری رەگەزنامەی عێراق کراوەتە ئەلیکترۆنی و لە ھەولێریش تا ئێستا ١٢٠ هەزار کارتی نیشتیمانی بۆ هاووڵاتیان دروست کراوە.

عەمید (عەبدولڕەحمان ئیسماعیل)، بەڕێوەبەری رەگەزنامەی ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "لە سنووری پارێزگای ھەولێر بڕیارە ٤٥ فەرمانگەی دەرکردنی کارتی نیشتیمانی بکرێنەوە، تا ئێستا حەوت فەرمانگە کراونەتەوە و چوار فەرمانگەی دیکەش بەشێوەی کاتی کراونەتەوە و لە تێستدان، چونکە پێویستی بە فەرمانبەری شارەزا ھەیە و بۆ کردنەوەی ھەر بنکە و فەرمانگەیەک ئێمە دەبێت بودجە و کاری پێویستی بۆ بکەین، لە رۆژی دەستپێکردنی پڕۆسەکە تا ئێستا تەنیا لە سنووری پارێزگای ھەولێردا توانیومانە ١٢٠ ھەزار کارتی نیشتیمانی بۆ ھاوڵاتیان دەربکەین و ئەو ھاوڵاتیانە ئێستا خاوەنی کارتی خۆیانن.
بەڕێوەبەری رەگەزنامەی پارێزگای ھەولێر دەشڵێ، " لە سەرتاسەری عێراق لە کۆی ٣٥٣ فەرمانگە ١٢٠ فەرمانگە کراونەتەوە و بەپێی دواین ئاماریش ٥٠%ی تۆماری رەگەزنامەی عێراق خراوەتە سەر کۆمپیوتەر و بەشێوەیەکی سەردەمیانە ھێدی ھێدی تۆماری سەر کاغەز کۆتایی دێت و ھەموو دەبێتە ئەلیکترۆنی.

عەمید (عەبدولڕەحمان ئیسماعیل) ئاماژەیشی دا، "ھاوڵاتیان ھەر کاتێک دەتوانن سەردانی فەرمانگەکان رەگەزنامە و دەرھێنانی کارتی نیشتیمانی بکەن، کەسیش با پەلەی نەبێ لەبەر ئەوەی پڕۆسەکە درێژخایەنە و بەردەوام تا یەک دوو ساڵی دابێیش کار بە رەگەزنامە و ناسنامەی باری شارستانی دەکرێ، بەڵام ھەرکاتێک بڕیار دەرچوو بۆ ئەوەی کار بە کارتی نیشتیمانی بکرێت ئەوا بەھیچ شێوەیەک کار بە رەگەزنامە و ناسنامەی ئێستا ناکرێت، ئێستاش کارتی نیشتیمانی تەنیا بۆ ئەو ھاوڵاتیانەی دەریان کردووە کاری پێدەکرێ.
kdp-
Top