خەلیل ئیسماعیل: بەرنامە و ستراتیژیەتی کورد بۆ شەڕی دوای داعش روونە
پڕۆفیسۆر (خەلیل ئیسماعیل)، پسپۆر لە جیوگرافییای سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "پێشبینی دەکرێت دوای شەڕی داعش و کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ رەوشێکی نالەبار لە عێراقدا دروستبێ و حزبی دەعوە و حزبەکانی دیکەی شیعە پێکەوە هەڵنەکەن، رەنگە رەوشەکە هەموو عێراق بگرێتەوە، ئێستا لایەنە عێراقییەکان لە شەڕی دژ بە داعشدان، لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەو شەڕە لایەنە عێراقییەکان بەگژیەکدا دەچن."
(خەلیل ئیسماعیل) پێوەست بە سوونەی عەرەبی عێراق باوەڕی وایە، ئەوانیش جیاوازی زۆریان لە نێوخۆیاندا هەیە بەتایبەت لە ئیدارەدانی ناوچەکانیان و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبیش دەستی خستووەتە نێو کاروباریانەوە، حکوومەتی عێراقیش هیچ پلان و ستراتیژیەتێکی بۆ دوای شەڕی داعش نییە.
پێوەست بە پاشەڕۆژی کورد، ئەم پسپۆڕەی جیوگرافییای سیاسی روونی کردەوە، پەیامی کورد روونە و دوای شەڕی داعش بەرنامە ستراتیژیەتی خۆی هەیە، لە ئێستاوە کە بڕیاری داوە لە مانگی نۆدا ریفراندۆم بکرێ و کورد بەرە و سەربەخۆیی هەنگاو دەنێ و دەیەوێ لە عێراقدا جودا ببێتەوە، بۆیە کورد دەزانێ کە دوای شەڕی داعش چی روودەدات لە عێراق و دەوڵەتی عێراق نابێتە دەوڵەتێکی دیموکراتی هاوبەش بۆ هەموو لایەک، بۆیە کورد بەرنامەی روونە، بەپێچەوانەوە لە داهاتوودا عێراق تووشی کێشەی زۆر دەبێ.
kdp-
