دربۆ: خەریکە پەکەکە لە شنگال کۆتایی دێ؛ ئەنجوومەنیان هەڵوەشایەوە..هەزار چەکدار وازیان هێناوە
(قاسم دربۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، خەڵکی شنگال رووی راستەقینەی پەکەکەی بۆ ئاشکرابوو و لە ئێستایشدا ژمارەی ئەو چەکدارانەی کە وازیان لە پەکەکە هێناوە بوون بە هەزار چەکدار و زۆرینەیشیان پێوەندیان بە هێزی پێشمەرگە کردووە کە دوای جەژن کۆتایی بە مەشق و راهێنان دێنن و ژمارەیەکیش ئامادە دەکرێن بۆ ئەوەی بخرێنە مەشق و راهێنانەوە و ژمارەیەکیش لێیانەوە لە ماڵ دانیشتوون، ئەوانەیشی کە ماون وەک چەکداری پەکەکە لە ئێستا کێشە لەنێویاندا هەیە، چونکە بەشێکیان پەکەکەن و بەشێک حەشدی شەعبین، بۆیە دوێنێ لە نێوخۆیاندا بازگەیان بۆ یەکتری دانابوو و رێگریان لە یەکدی دەکرد.
(دربۆ) دەشڵێ، پەکەکە ئەنجوومەنێکی لە شنگال دروستکردبوو هاشێوەی کانتۆنەکانی خۆیان، بەڵام لەچەند رۆژی رابردوودا سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بەناوی (خدر ساڵح) دەستی لەکار کێشایەوە و ئێستایش ئەنجوومەنەکە پەرشوبڵاوبووە و هەڵوەشاوەتەوە. ئاماژەیشی دا، خەڵکی شنگال متمانەی بە پەکەکە نییە و، خەریکە پەکەکە لە شنگال کۆتایی دێ.
kdp-
