وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ دواى دامه‌زراندنى 7 هه‌زار مامۆستا ده‌كات

 وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ دواى دامه‌زراندنى 7 هه‌زار مامۆستا ده‌كات
وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پێداویستی میلاكاتى قوتابخانه‌كان پێویستى به‌ دامه‌زراندنى 7 هه‌زار مامۆستا ده‌بێت و گوته‌بێژى وه‌زاره‌ته‌كه‌ش ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، داوایان له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كردووه‌ ئه‌و ژماره‌ مامۆستایه‌یان بۆ دابمه‌زرێنێت.

سامان سیوه‌یلى گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ڕاگه‌یاند :" له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا كه‌ تایبه‌ت بووه‌ به‌ بوارى په‌روه‌رده‌، پشتیوان سادق، وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ ڕاپۆرتێكى پوختى له‌باره‌ى كاره‌كانى وه‌زاره‌ت له‌ ڕابردوو و داهاتوودا خوێنده‌وه‌ و تێیدا به‌وردى باسی له‌كێشه‌ و گرفته‌كانى بوارى په‌روه‌رده‌ كردووه‌".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، كه‌ له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا تیشكى خستووه‌ته‌ سه‌ر گرفته‌كانى به‌رده‌م وه‌زاره‌ت له‌ ڕووى كه‌مى میلاكات و پێداویستییه‌كانى بیناسازى و بیناى نوێ و چاپكردنى كتێب.

سیوه‌یلى ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، كه‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ بۆ ساڵى خوێندنى 2017 - 2018 داواى دامه‌زراندنى 7 هه‌زار مامۆستاى له‌ پسپۆرییه‌ جیاوازه‌كان بۆ پڕكردنه‌وه‌ى گرفتى كه‌مى میلاكات له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ قوتابخانه‌كانى هه‌رێمدا، كردووه‌، گوتیشی :" به‌ڵام تا ئێستا له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ وه‌ڵامى ئه‌و داواكارییه‌ى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ نه‌دراوه‌ته‌وه‌".




باسنیوز
Top