سبەی تەرمی عەبدولواحید گوانی بەخاک دەسپێردرێت
بڕیار وایە دوای ڕۆژێک لە گەیشتنەوەی تەرمی عەبدولواحید گوانی، قایمقامی پێشووی سۆران، تەرمەکەی بەخاک بسپێردرێت.
کاتژمێر چواری ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 27/6/2017، تەرمی عەبدولواحید گوانی بگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر.
بڕیار وایە کاتژمێر ھەشتی بەیانیی سبەی چوارشەممە، تەرمەکەی بگەڕێندرێتەوە بۆ شاری سۆران، ھەر لەو ڕۆژەشدا و لە گۆڕستانی گوندی گوان، بەخاکی بسپێرن.
شەوی 25/6/2017، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی نەمسا عەبدولواحید گوانی کۆچی دوایی کرد، کە ماوەی چەند ساڵێکە بەھۆی نەخۆشییەکی درێژخایەنەوە باری تەندروستی تێکچووبوو، بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیش، سەردانی وڵاتانی دەرەوەی دەکرد.
عەبدولواحید گوانی، لە ساڵانی ھەشتاکاندا، یەکێک بووە لە ئەندامانی رێکخستنە نھێنییەکانی پارتیی دیموکراتیی کوردستان و بەرپرسی ڕێکخراوی پێشڕەوانی (گەل)ی ئەو حزبە، بەھۆی چالاکییە سیاسییەکانیشی، خراوەتە زیندانەکانی حزبی بەعس و ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر دراوە.
bas news-
