پەرلەمانتارێکی تورکیا: ریفراندۆم شانازییە بۆ هەموو کوردێک لە جیهاندا

 	 پەرلەمانتارێکی تورکیا: ریفراندۆم شانازییە بۆ هەموو کوردێک لە جیهاندا
(ئادەم گەڤەری) ئەندامی پەرلەمانی تورکیا رایدەگەیەنێت کە ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان شانازییە بۆ تەواوی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان و جیهاندا، ئەو ریفراندۆمەیش دەبێتە نمونەیەکی گەش لە رۆژهەڵاتی ناویندا و پێگەی کورد لە جیهاندا زیاتر بەهێز دەکات.

(ئادەم گەڤەری) ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لە لیستی هەدەپە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت، پیرۆزبایی ریفراندۆم لە هەموو گەلی کوردستان دەکەم، هیوادارین بەسەرکەوتووی بە ئامانج بگات، ئەم ریفراندۆمە بۆ هەر چوارپارچەی کوردستان گرینگە و نموونەیەکی زیندووە، دەمێکە گەلی کورد بۆ ساتەوەختێکی وەها کۆشش دەکات تا ئێمەیش لەسەر رووی زەمیندا ببین بە خاوەت دەوڵەتێکی ئازاد.

ئەم پەرلەمانتارەی تورکیا دڵنیایی دەدات کە سەرکەوتنی ریفراندۆم لە باشووری کوردستان دەبێتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ تەواوی گەلی کورد لە جیهاندا، چونکە ئەمە دەستکەوتێکە بۆ تێکڕای گەلی کورد و شانازیی و سەربەزیشە بۆ کورد لە جیهاندا، هەڵبەت ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان دەبێتە نمونەیەکی گەش لە رۆژهەڵاتی ناویندا و پێگەی کورد لە جیهاندا بەهێزتر دەکات.
kdp-
Top