تەها: بەغدا بەهۆی پڕچەککردنی شەقامەوە دۆخی ناجێگیرە

 	 تەها: بەغدا بەهۆی پڕچەککردنی شەقامەوە دۆخی ناجێگیرە
بەرپرسی لقی پێنجی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا رایدەگەیەنێت کە ھۆکاری تێکچوونی دۆخی ئەمنی عێراق بەگشتیی و بەغدا بەتایبەتی، بۆ پڕچەککردنی شەقام دەگەڕێتەوە.

(شوان محەمەد تەھا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، دۆخی ئەمنی عێراق بەشێوەیەکی گشتیی ناجێگیرە بەتایبەت بەغدا هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شەقامی بەغدا پڕچەککراوە، ئەمەیش هەڕەشەیە لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی و شارستانی و سیاسی ئەو شارە، هەڵبەت هەڕەشەیە لەسەر خەڵکی کاسبکار، مامۆستا، رۆشنبیر و هەموو خەڵک بۆیە دۆخەکە لەڕووی ئەمنییەوە ناجێگیرە.

سەبارەت بەو هەڕەشەیەیی لە کوردانی بەغدا دەکرێ، (شوان محەمەد تەها) هۆکارەکەی بۆ لێدوانی هەندێ بەرپرسی شیعە دەگەڕێنێتەوە کە لە راگەیاندنەکان داویانە و ئەمەیش نیگەرانی لای کوردانی بەغدا دروست کردووە.

بەرپرسی لقی پارتی لە بەغدا سەبارەت ریفراندۆمیش دەڵێ، بەشێک لە لایەنە سیاسیی و رۆشنبیرییەکانی بەغدا پاڵپشتی ریفراندۆم دەکەن، بەڵام بەداخەوە راگەیاندنی کوردی ئەوانەی بە زمانی عەرەبی پەخش دەکرێن وەک پێویست نەیانتوانیوە کە شەقامی بەغدا تێبگەیەنن، هەرچەندە کە ریفراندۆم پێوەستە بە ئیڕادەی خەڵکی کوردستان نەک لایەنەکان.
kdp-
Top