خاوەن هۆتێلەكانی شاری هەولێر ئاگەدار دەكرێنەوە
ئەمڕۆ دووشەممە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر ئاگادارینامەیەكی بۆ خاوەن هۆتێل و مۆتێل و شوێنه‌كانی مانه‌وه له شاری هه‌ولێر بڵاوكردەوە و دووپاتی كردەوە كە مافی پاشگەزبوونەوەیان لەو گرێبەستانەدا نیە كە لەگەڵ كۆمپانیا گەشتیارییەكان ئیمزایان كردووە.
بەپێی ئاگەدارییەكەی گەشتوگوزاری هەولێر، ژمارەیەك لە هۆتێل و مۆتێل و شوێنی حەوانەوەی گەشتیاریی شارەكە، بە هۆی هاتنی ژماره‌یه‌كی زۆری گەشتیارانەوە لە رۆژانی جەژندا، بۆ مەبەستی قازانجی کاتی، لە گرێبەستەکانی خۆیان پەشیمان بوونەتەوە، کە پێشتر لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکاندا ئیمزایان كردووە.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر رایدەگەیەنێ پاشگەزبوونەوەی ئەم هۆتێل و مۆتێل و شوێنە گەشتیارییانە، زیانێكی زۆری بۆ ئایندهی كه‌رتی گه‌شتوگوزار دەبێت، هەروەها كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر بەرنامەكانی داهاتووی بەڕێوەبەرایەتییەكە بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان.
بەم هۆیەوە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر داواكارە هەموو لایەک پابه‌ند بن بەو گرێبەستانەی ئیمزایان كردووە، بە پێچەوانەوه بۆ مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییه گشتییەکان، رێکاری پێویست لە دژی خاوەن هۆتێل و مۆتێلەكان دەگرنەبەر.
bas news-
