بەهرۆز جەعفەر: نالیا ملیاران دۆلاری شوقە و ڤێلاكانی سلێمانی بردە كوێ

بەهرۆز جەعفەر: نالیا ملیاران دۆلاری شوقە و ڤێلاكانی سلێمانی بردە كوێ



بەهرۆز جەعفەر چاودێری سیاسی و یەکێ لە رێکخەرانی پێشووی خۆپێشاندانەکانی 17ی شوباتی سلێمانی، لە وتارێكدا ڕەخنە لە كۆمپانیای نالیا دەگرێ، كە بایی ملیاران دۆلار ڤێلا و شوقەی لە پرۆژەكانی سلێمانی فرۆشتووە، دەپرسێ ئەم پارانەیان بۆ كوێ برد؟ ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئێستە نالیا قەرزاری 9 هەزار هاووڵاتی شارەكەیە.


بەهرۆز جەعفەر لە وتارەكەیدا كە ئەمڕۆ دووشەممە لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكدا بڵاوی كردووەتەوە، نووسیویەتی حوکمڕانی و دەوڵەتداری وا ناکرێت، بە تایبەت لە ناوچەی سلێمانی، کە تا دێت ڕەوشەکەی ئاڵۆزتر دەبێت، هێشتاش ماویەتی و ساڵێکی تر بیبینن. لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا نرخی خانوبەرە لەچاو شوێنەکانی تری جیهان، لە سلێمانی گرانترە.


چاودێرە سیاسییەكەی نووسیویەتی "عەقارات لە هەموو تەنگژە داراییەكانی جیهاندا، لە ئەمریکاوە بۆ یۆنان، هۆکاری سەرەکیە بۆ داڕمانی ئابووریی و هەڵاوسان، چۆن؟ بۆ نمونە کۆمپانیای نالیا شوقەیەکی دەفرۆشت بە دووسەت و پەنجا هەزار دۆلار، كەچی خۆی تەنها حەفتاودوو هەزار دۆلاری تێچووە. نالیا ڤێلایەكی بە زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلار دەفرۆشت، كەچی خۆی سەدوپەنجا هەزار دۆلاری تێچووە. پارەی كوردستان هەمووی یان زۆربەی درا بەو کاڵا گرانبەهایانە، کە حکومەت چاودێریی نەکردبوون، دواتریش دیسانەوە وەک کرێچی هەموو مانگێ پارەی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاری و ئەمنی لە خەڵكەكە وەردەگرن. کاتێکیش قەیران دروست بوو، ئەم پارانەی وەریانگرت، دیار نەمان. ئەی ئەو هەموو پارەیەی هاتە وڵاتەوە، چوو بۆ کوێ؟ بێگومان دران بەو جۆرە کاڵایانە، کاڵاکەش نرخ ناکات، ئینجا لەباتی چارەسەر، هاتوون ئەستۆی خۆیان پاک دەکەنەوە و پەلاماری شتی تر دەدەن".


بەهرۆز جەعفەر نووسیویەتی "ئینجاش نالیا کەناڵێکی داناوە، نە کاک عەلی حەمە ساڵح و نە کاک سۆران عومەر و حزبەکانیان جورئەت ناکەن دێرێکی ئەو راستیانەیان لەسەر بڵێن، هەموو لایەكیش دەزانن، پێش ئێن ئاڕتی و بزوتنەوەی گۆڕان و پێش زۆر کەس، ئێمە لەم شەقامەدا ئازادانە دەنگ و ڕەنگمان هەبووە، کەچی بە هەموو تەمەنی ئەو کەناڵە یەک خولەک کاتی بۆ تەرخان نەکردووین، ئەمە کوشتنی دەنگی ئازاد نییە، چیە؟".


جێی باسە، خاوەنى گرووپی کۆمپانیاکانى نالیا، سەرباری پەیداكردنی پارەیەكی خەیاڵی لە پرۆژەكانی نیشتەجێكردن، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ به‌ بیانووی سوودمه‌ندبوون له‌ قازانجه‌كانی پڕۆژه‌ی چاڤی لاندی گەشتیاری، به‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆر پشكی بە زیاتر له‌ 9 هه‌زار هاووڵاتی شاری سلێمانی فرۆشتووە، تا ئێستەش هیچ هاووڵاتییه‌ك له‌ داهاتی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ سوودمه‌ند نه‌بووه‌، بەڵكو فێڵیان لێ كراوە و پارەكەیان دیار نەماوە.


بڕیارە لە سێیەم رۆژی جەژنى ڕەمەزاندا، بەشێکى زۆرى خاوەن پشەکاکانى پڕۆژەى گەشتیاریی (چاڤی لاند)، بە مەبەستى وەرگرتنەوەى مافەکانیان، خۆپێشاندانێکى فراوان بۆ بەردەم پڕۆژەی گەشتیاریی (چاڤی لاند) ئەنجام بدەن. نوێنەری خاوەن پشكەکانی چاڤی لاندیش دەڵێ "خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی نالیا فێڵى لە ئێمە کردووە و پارەى خەڵکى هەژارى خواردووە".

bas news-
Top