مەسرور بارزانی: ریفراندۆم بۆ دەستکاریکردنی سنووری وڵاتانی دراوسێ نییە

مەسرور بارزانی: ریفراندۆم بۆ دەستکاریکردنی سنووری وڵاتانی دراوسێ نییە


ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بۆ دەستکاریکردنی سنوورەکانی وڵاتانی دراوسێی باشووری کوردستان نییە، تەنیا سنووری نێوان کوردستان و عێراق دەچەسپێندرێت.



مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بە ڕۆژنامەی (The Guardian)ی بەریتانی ڕاگەیاندووە، تورکیا پێویست ناکات سەبارەت بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان نیگەران بێت، چونکە ریفراندۆم ”بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندیی دوو لایەنەی نێوان ھەولێر و بەغدا دەبێت“.



لە درێژەی گوتەکانیدا، مەسرور بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ھەرێمی کوردستان نیازی دەستکاریکردنی سنووری وڵاتانی دراوسێی نییە و ریفراندۆم بۆ چەسپاندنی ئەو سنوورەیە، کە پێشوەختە لە نێوان کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق داڕێژراوە.



ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ھەروەھا دەڵێت، ”کاتی ئەوە ھاتووە قبووڵ بکرێ، کە مۆدێلی بەیەکەوەژیان لە عێراق کار ناکات، ”عێراق بە کرداری دابەش بووە و دەنگدان لە ریفراندۆم تەنھا ئەم واقیعە نیشان دەدات، کە پێشوەختە ڕووی داوە“.



پێشتر لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.

bas news-
Top