پرۆفیسۆر ئەمیر حەسەنپوور کۆچی دوایی کرد
دوێنێ شەممە 2017/6/24 ئەمیر حەسەنپوور، زمانناس و مامۆستاى زانکۆ لە شارى تۆرینتۆى کەنەدا لە تەمەنى 74 ساڵیدا دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشیدا کۆچى دوایی کرد.
ئەمیر حەسەنپوور، ساڵى ١٩٤٣ لە مەهاباد لەدایک بووە، ساڵى ١٩٦٤ بەکالۆریۆسى لە زمان و ئەدەبى ئینگلیزى لە تاران تەواو کردووە، لە ساڵى ١٩٧٢ دکتۆراى لە زمانى ئینگلیزى هێناوە.
ساڵى ١٩٨٩ دکتۆرایەکى ترى لە زمانناسیى کۆمەڵایەتى و مێژووى هاوچەرخى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا وەرگرتووە و تێزى دکتۆراکەشى لەسەر چۆنیەتیى دروستکردنى زمانى ستانداردى کوردی بووە لە ساڵى ١٩١٨ بۆ ١٩٨٥.
لە ساڵى ١٩٨٦ەوە لە کەندا ژیاوە و مامۆستاى زانکۆکانى ویندسۆر، کۆنکۆردیا و تۆرینتۆ بووە.
هەروەها مامۆستاى یاریدەدەرى کۆلێژى شارستانیەتەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بووە لە تۆرینتۆى کەنەدا.
ئەمیر حەسەنپوور، چەندین کتێب و لێکۆڵینەوەى زانستى بە زمانى ئینگلیزى و فارسى لەسەر زمان و ناسیۆنالیزمى کوردى و میدیا و گفتوگۆ و دیموکراسى و شێوازەکانى ڕەخنەگرتن لە ناسیۆنالیزم، گرفتو نەتەوەییەکان، جینۆساید و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان نووسیوە.
bas news-
