لە ھەورامان خوانێكی جەژن بۆ خێزانی شەھیدان ڕێك دەخرێت

لە ھەورامان خوانێكی جەژن بۆ خێزانی شەھیدان ڕێك دەخرێت

لە ھەورامان بە هاوکاریی کۆنسوڵگەی گشتیی کوێت لە هەولێر، خوانێکی جەژن بۆ خێزانی شەھیدانی دەستی تیرۆر ڕێك خرا، تیایدا ٩١ مناڵی شەهید خەڵات کران.


لوقمان عەبدولقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە لە لێدوانێکیدا، ئامانجی رێکخستنی خوانەکەی روون کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد ئازاری ھەموو ئەو کەسانەی کە ئازیزێکیان لەدەست داوە، لە بۆنە تایبەتییەکانی ھاوشێوەی جەژندا کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت و لەسەر کەسوکاری قوربانیان قورستر دەبێت.


گوتیشی "بە داخەوە جەژن بۆ ئەو خێزانانە دەبێتەوە رۆژی پرسە و سەرلەنوێ زامەکانیان دەکولێنەوە، بەتایبەتی بۆ مناڵەکانیان رۆژێکی زۆر ناخۆشە، بۆیە مەبەستمان بوو جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ جیاواز لە جەژنەکانی تریان، بیانخەینە دۆخێک کە شیوەن و گریانی تێدا نەبێت و لە کەشێکی ئارامدا خوانی جەژن ساز بکەین".


لوقمان عەبدولقادر گوتیشی "بەگوێرەی ئەو پەیوەندیەی لەگەڵ کۆنسوڵگەی گشتیی کوێت ھەمانە، پرۆژەیەکمان بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری شەھیدانی دەستی تیرۆر پێشکەش کردن، ئەوانیش بەخۆشحاڵیەوە قبووڵیان کرد و بەشداریی مەراسیمەکەیان کردین، ھاتنیشیان کارەکەی جوانتر کرد کە رێکخستنی خوانێک بوو بۆ کەسوکاری شەھیدانی دەستی تیرۆر و لەگەڵ خوانەکەشدا جلوبەرگ پێشكەشی تەواوی مناڵانی شەھیدان كرا".


لە شەڕی رووبەرووبوونەوەی تیرۆردا، لە سنووری ھەڵەبجە تا ئێستە ٤١ پێشمەرگە شەھید بوون کە جگە لە چواریان کە خێزاندار نەبوون، ٩١ مناڵ پاش ئەو شەھیدانە بەجێماون و ئەمرۆ خەڵات کران.


لای خۆیەوە شێخ مساعید عەبدولرەحمان کیب جێگری كۆنسوڵی گشتیی کوێت لە ھەولێر، ستایشی رۆڵی پێشمەرگەی کرد لە رووبەرووبوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و ئامادەیی وڵاتەکەی لە درێژەدان بە ھاوکاریکردنی ھەرێمی کوردستان دەربڕی.


شێخ مساعید کیب ئەوەشی راگەیاند "ئێمە لە وڵاتی کوێت بەردەوام دەبین لە گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکانمان بەبرایانمان لە کوردستان، کە بوونەتە قوربانی بەرگری دژی توندرەوان، ئێمە بەردەوام دەبین لە ھاوکاریی پێشمەرگە، ئەوان پاڵەوانەکانی رووبەرووبوونەوەی توندرەوین، ھەر ئەوەش کە ئەمڕۆ ئێمە ھاتووینەتە خزمەتی کەسوکاری ئەو شەھیدانە، بەڵگەی بڕوا بوونمانە بەرەوایی شەھیدبوونیان".
bas news-
Top