هونەرمەندێکی شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد

 هونەرمەندێکی شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد
لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا، جەمال محەمەد شەریف، ناسراو بە (جەمالی حەمە کۆڵ)، هونەرمەند و پارێزەری ناوداری سلێمانی، کۆچی دوایی کرد.

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢٤\٦\٢٠١٧، جەمالی حەمە کۆڵ، هونەرمەند و پارێزەری ناوداری سلێمانی، پاش ململانێیەکی سەختی لەگەڵ نەخۆشییەکەیدا، لە تەمەنی 65 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

جەمال حەمە کۆڵ، لە ساڵی 1952 لە گەڕەکی (مەڵکەندی)ی شاری سلێمانی لەدایک بووە، سەرەتای ژیانی خوێندەواری لە ساڵانی 1958 و 1959 لە حوجرە بووە و دواتر لە ساڵانی 1970-1980 کۆلێژی یاسای تەواو کردووە و لە 18\12\1980وە دەستی بە کاری پارێزەری کردووە.

جەمالی حەمە کۆڵ، لە ڕووی هونەرییەوە، لە ساڵی 1970وە دەستی بە کاری هونەری کردووە و لە شانۆگەریی (قڵیشایەوە) ڕۆڵی (رئیس عورەفای پۆلیسی پاسەوانی زیندان)ی بینیوە. هەر لەو ساڵەدا بە (دۆست) لە (تیپی نواندنی سلێمانی)دا وەرگیراوە و ساڵی 1972 بووەتە ئەندام لەو تیپە.

ئەو بەرهەمانەی کە تێیدا بەشداری کردووە:

١- نرخی ئازادی

٢- پیری ئاخر شەڕ

٣- چاوی کوردستان

٤- شانۆگەری کۆتایی زۆردار

٥- شانۆگەری پاڵەوانێتیی گەل 1974

٦- شانۆگەری (قەیسەرت لەبیر نەچێ) 1973

٧- لە چایخانەدا (بۆ تەلەڤزیۆن) 1971

٨- شەمامە و خاڵ خاڵ (بۆ تەلەڤزیۆن) 1975

٩- شانۆگەری مانگرتن

١٠- شانۆگەری ئابڵۆقە

١١- شانۆگەری بازرگانی شەو

١٢- زنجیرە تەلەڤزیۆنی (ژاڵە)

١٣- گوڵی خوێناوی (بۆ تەلەڤزیۆن)

١٤- چارەنووسی ئادەمیزاد

١٥- التاغی (بۆ تەلەڤزیۆن) 1992

١٦- زنجیرە تەلەڤزیۆنی (ڕۆشنا).

١٧- (فرمێسک) بۆ سینەما وێنەی گرا.

١٨- زنجیرە تەلەڤزیۆنیی خۆرنەوەزان.

١٩- زنجیرە تەلەڤزیۆنی نمە خان.



جگە لەم کارانە، جەمالی حەمە کۆڵ لە فیلمی دۆکیۆمێنتاریی (نێرگز) لە ساڵی 1976 کە کارێکی پێویستی ئەکادیمی بووە و بۆ (ئەتروحە) بووە بۆ قوتابییانی بەشی سینەما ئامادە کراوە. هەروەها لە فیلمی (شۆڕشی هەژاران) لە 1976 بەشداری کردووە کە فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری بووە و لە ئەکادیمیای هونەرە جوانەکاندا کراوە و ڕۆڵی (قەشە)ی تێدا گێڕاوە.













باسنيوز
Top