توێژەرێکی کۆمەڵایەتی لە سلێمانی: مەترسییەکانی کاڵبوونەوەی جەژن دەرکەوتوون

 توێژەرێکی کۆمەڵایەتی لە سلێمانی: مەترسییەکانی کاڵبوونەوەی جەژن دەرکەوتوون
جەژنی ئەم ساڵ لەچاو جەژنەکانی ڕابردوو ساردیەکی زۆری پێوە دیارە، بەجۆرێک خەڵکی ئامادەنییە ھاو شێوەی ساڵانی ڕابردوو بە گوڕو تینێکی بەھێزەوە جەژنە پیرۆزە لە یەکتری بکەن، توێژەرانی کۆمەڵایەتی ئەمە بەزەنگێکی مەترسیدار دەزانن و پێیانوایە ساڵ بە ساڵ خەڵکی مەیلی بۆ جەژن و بۆنە کۆمەڵایەتیەکان نامێنێت! ھۆکارەکەشی بۆ فراوانبوونی تۆڕە کۆمەلایەتیەکانی ئینتەرێت و ئامێرەکانی تەکنەلۆژیا دەگێڕنەوە.

شەقامەکانی شاری سلێمانی، ھێندە چۆڵە لە ڕۆژی جەژن ناچێت، بەڵکو لە ڕۆژانی ئاسایی دەچێت! حاجی عەلی، تەمەن ٥٧ ساڵ، ئەگەرچی ئەو بەھۆی ئازاری قاچەکانیەوە وەک کەسێکی ئاسایی توانای ڕۆیشتنی نەماوە، لە بارەی ھۆکاری ساردبوونەوەی جەژن گوتی:" ئێستا خەڵکی وەک جاران سەردانی یەکتری ناکەن، پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی بەرچاو کاڵ بووەتەوە، ئەمەش وادەکات جەژن وەک جاران گرنگی پێ نەدرێت، بەڵام ئەم جیلەی ئێستا تاڕادەیەک باشە چونکە گەنجی ئێستا ئەزموونیان لە ئێمە وەرگرتووە و دەزانن پەیوەندی کۆمەڵایەتی بۆ کۆمەڵگەی ئێمە کارێکی باشە و کۆمەڵگە پێویستی بە نزیکبوونەوەی زیاتری خزم و دۆستان ھەیە، بەڵام جیلەکانی ئایندە مەیلیان بۆ جەژن نامێنێت. بێگومان ئەوکاتە ھێندەی دیکە جەژن و بۆنە نەتەوەیەکان کاڵ دەبێتەوە“.

حاجی عەلی، بەدەم خواردنەوەی پەرداخێک شەربەتەوە ئاخی بۆ ئەوە ھەڵدەکێشا، کە پێشتر خەڵکی ئامادەکاری تەواوی بۆ جەژن دەکرد، بەڵام ئێستا خەڵکی جەژن وەک ڕۆژانی ئاسایی تەماشا دەکەن، ئەو گوتی:" چەند ڕۆژێک پێش جەژن کابانی ماڵ ناو ماڵی خاوێن دەکردەوە و بۆنی خۆش و بغوردی بڵاو دەکردەوە، چونکە دەیزانی جەژنە و ماڵ جمەی دێ لە میوان، بەڵام داخەکەم ئێستا یەک ماڵ نابینم بغوردی داگیرساندبێت! جگە لەوەش جەژنانی ڕابردوو کاتێک لەگەڵ خزمان و دراوسێ یەکترمان دەبینی تێر باوەشمان بەیەکتری دەکرد و چەندجارێک ئەملاو لای یەکترمان ماچ دەکرد، ھەروەھا داوای گەردن ئازادیمان لەیەکتری دەکرد، بەڵام ئێستا نە گەردن ئازادی ماوە نە سەردانی یەکتری تەنانەت وای لێھاتووە، باوک و کوڕ بە حاڵ تەوقە لەگەڵ یەکتری دەکەن و جەژن لە یەکتری پیرۆز دەکەن!

ھەروەھا فەیمە تۆفیق، تەمەن ٦٢ ساڵ، ئەویش بەو تەمەنەیەوە، پێیوایە جەژن ساردبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، وەک خۆی دەڵێت:" ئەم گەڕەکی جولەکانە کۆنترین گەڕەکی شاری سلێمانییە کاتی خۆی کە جەژن دەھات، ئێمە پێنج کیلۆ نقوڵمان بۆجەژن دەکڕی، چونکە میوانێکی ئێجگار زۆر دەھات، بەڵام ئەم جەژنە تەنھا دوو کیلۆ چوکلێتم کڕیوە! چونکە دەزانم خەڵکی وەک جاران بۆ جەژن سەردانی یەکتری ناکەن، "بەتەمەنەکان زیاتر پێشوازی لە جەژن دەکەن، بەڵام گەنجەکان وانین ھەندێک لە گەنجان پێیان شەرمە جەژنە پیرۆزە لەیەکتری بکەن، ئەوەش کارێکی باش نییە چونکە جەژن چەندە پەیوەندیی بە ئایینەوە ھەیە، ئەوەندەش بابەتێکی کۆمەڵایەتییە و دەبێ گرنگی پێ بدرێت“.

پێوەند بە ھەمان پرس، ھێمن قادر، توێژەری کۆمەڵایەتی لەلێدوانێکدا گوتی:" ساردبوونەوەی جەژن زیاتر پەیوەندی بە ھیلاکبوونی دەروونیی ھاووڵاتییانەوە ھەیە بەتایبەتی لەڕووی قەیرانی دارایی و کێشە سیاسییەکانەوە، ھەروەھا شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ھۆکارێکی دیکەی ساردبوونەوەی جەژنە، چونکە ھەرماڵێک شەھیدێکی ھەبێت، دراوسێکەی ئامادە نییە لە بۆنە ئایینی و نەتەوەیەکاندا خۆشیەکانی خۆی دەربڕێت. گوتیشی:" پێشتر تەکنەلۆژیا وەک ئێستا پێشکەووتو نەبووە، بێگومان ھەموو کەسێک لەکاتی بۆنەکاندا ئامانجیان ئەوە بووە سەردانی یەکتری بکەن، بەڵام ئێستا بەھۆی فەیسبووک و ئینتەرنێتەوە، جەژنە پیرۆزەی ھاووڵاتییان بووە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی، ئەمەش ھێندەی دیکە پەیوەندی جەژنی سارد کردوەتەوە“.

ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە باسی لەوەشکرد:" گەنج مەیلی بۆ جەژن نەماوە، چونکە لەمانای جەژنە پیرۆزە و گەردن ئازادی تێناگەن، ئەو جیلەی ئێستا ھەیە ئەوانیش پیربوون و ناتوانن خزم و کەسوکار بەسەربکەنەوە، بێگومان ئێستا مەترسیەکانی کاڵ بوونەوەی جەژن دەرکەوتووە، چونکە ئێستا وای لێھاتووە، کە نزیکی جەژن دەبینەوە، جیلی گەنجان دەڵێن: جەژن ھات من دەخەوم لەماڵەوە! ھۆکارەکەشی بۆ جەنجاڵی ژیان دەگەڕێتەوە، بۆیە گەنج جەژن و بۆنە کانی دیکە بەھەلێک دەزانێت بۆئەوەی تاوێک پشوو بدات“.














باسنیوز
Top