حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی کەعبە دەکات
لە پەیامەکەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ناوی خۆی و گەلی کوردستانەوە رایدەگەیەنێت، ” پرسە و سەرەخۆشیمان ئاراستەی خانەوادەی قوربانییان و حکوومەت و گەلی شانشینی عەرەبیی سعوودیە دەکەین و پشتیوانیی خۆمان بۆ لەگۆڕنانی تیرۆر و تیرۆریستان دووپات دەکەینەوە“.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە بە ئامانجگرتنی ”سیمبولێکی گەورەی موسڵمانان، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە تیرۆریستان دوور لە ھەموو بەھایەکی ئایینی و مرۆیی و ئەخلاقین و دژی ھەموو پیرۆزی و شارستانیەتێکی مرۆڤایەتین لە سەرتاسەری جیھاندا“.
هەروەک لە پەیامەکەدا هاتووە، هەرێمی کوردستان ”بە شانازییەوە و بە گەواهیی هەموو جیهان“ لە بەرەی دژەتیرۆرە ”لەم پێناوەدا قوربانی و خوێنێکی زۆری بەخشیوە و بەردەوامیش دەبێت لەسەر ئەم ھەڵوێستە مێژووییەی بۆ ھێنانەدی جیھانێکی ئارامی دوور لە تیرۆر و توندوتیژی بۆ گەلان“.
دەقی پەیامەکە:
بە ناوی حکوومەت و گەلی کوردستانەوە بە توندی ئەو کردە تیرۆریستییە قێزەونە سەرکۆنە دەکەین کە سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٣ی حوزەیران، حەرەمی پیرۆزی مەککەی کردە ئامانج، پرسە و سەرەخۆشیمان ئاراستەی خانەوادەی قوربانییان و حکوومەت و گەلی شانشینی عەرەبیی سعوودیە دەکەین و پشتیوانیی خۆمان بۆ لەگۆڕنانی تیرۆر و تیرۆریستان دووپات دەکەینەوە. بەئامانجگرتنی یەکیک لە پیرۆزترین شوێنە ئایینیەکان و سیمبولێکی گەورەی موسڵمانانی جیهان لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە تیرۆریستان دوور لە هەموو بەهایەکی ئایینی و مرۆیی و ئەخلاقین و دژی هەموو پیرۆزی و شارستانیەتێکی مرۆڤایەتین لە سەرتاسەری جیهاندا. ئەم جورئەتی جەهالەتەی تیرۆریستان دەبێ هاندەرێکی بەهێزی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێت بۆ کار و هەنگاوی کاریگەرتر و خێراتر لە پێناو وشککردن و بنبڕکردنی هەموو سەرچاوە فیکری و دارایی و سەربازی و لۆجستیەکانی بەرەی تیرۆر لە هەموو ناوچەیەکی جیهاندا.
بە گهواهیى هەموو جیهان، گەلی کوردستان بە شانازییەوە هەر لە سەرەتاوە لە گەڵ دۆستان و هاوپەیمانانی لە بەرەی جیهانی شارستانی و پێشکەوتوودا، لە سەنگەری پێشەوەی جەنگی پیرۆزی دژە تیرۆردا بووە و لەم پێناوەدا قوربانی و خوێنێکی زۆری بەخشیوە و بەردەوامیش دەبێت لەسەر ئەم هەڵوێستە مێژووییەی بۆ هێنانەدی جیهانێکی ئارامی دوور لە تیرۆر و توندوتیژی بۆ گەلان، لەپێناو پاراستنی بەها بەرز و پیرۆزە مرۆیی و ئایینی و ئەخلاقیەکاندا کە سەرجەم شارستانییە جیاوازەکانی مرۆڤایەتی تێێدا بەشدارن.
دووبارە هاوخەمیی خۆمان بۆ خانەوادەی قوربانیان و حکوومەت و گەلی شانشینی سعوودیە دەردەبڕین و بەوپەڕی باوەڕەوە پشتیوانی لە هەموو ئەو هێز و لایەنانە دەکەین کە دژ بە بەرەی تیرۆر و تاریکی دەجەنگن لە جیهاندا بە گشتی و بە تایبەتیش لە ناوچەکەماندا.
ئەنجومەنی وەزیرانی ههرێمى کوردستان
٢٤/٦/٢٠١٧
باسنیوز
