هه‌ده‌په‌ جه‌ژنانه‌ له‌ دوو پارتی سیاسیی توركیا ناكات

هه‌ده‌په‌ جه‌ژنانه‌ له‌ دوو پارتی سیاسیی توركیا ناكات
پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌)، بڕیاری داوه‌ بۆ ئه‌مساڵ سه‌ردانی ئاكپارتی و مه‌هه‌په‌ نه‌كات بۆ مه‌به‌ستی جه‌ژنانه‌، هۆكاره‌كه‌یشی هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌ له‌ باكوور له‌ نێوان حكوومه‌تی توركیا و چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌.


هه‌موو ساڵێك پارته‌ سیاسییه‌كانی توركیا بۆ مه‌به‌ستی جه‌ژنانه‌ سه‌ردانی یه‌كتری ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌مساڵ هه‌ده‌په‌ به‌رنامه‌ی جه‌ژنی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاشكرای كرد ناچنه‌ سه‌ردانی ئاكپارتی و مه‌هه‌په‌، چونكه‌ ئه‌و 2 پارته‌ سیاسه‌تی شه‌ڕیان په‌یڕه‌و كردووه‌ و شایه‌نی ئه‌وه‌ نین جه‌ژنانه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت.


به‌ڵام هه‌ده‌په‌ بڕیاری داوه‌ سه‌ردانی باره‌گای سه‌ره‌كی جه‌هه‌په‌ و پارتی سه‌عاده‌ت بكات، یه‌كه‌م پارتیش كه‌ بۆ جه‌ژنانه‌ سه‌ردانی ده‌كەن، جه‌هه‌په‌یە، پاشان پارتی سه‌عاده‌ت و پارته‌ بچووكه‌كانی دیكه‌.


ساڵی پار به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌ده‌په‌ نه‌چووه‌ سەردانی ئاكپارتی و مه‌هه‌په‌ بۆ مه‌به‌ستی پیرۆزكردنی جه‌ژنی ره‌مه‌زان، هه‌روه‌ها ئه‌و 2 پارته‌ش نه‌چوونه‌ سەردانی هه‌ده‌په‌.
bas news-
Top