پسپۆڕێکی راگەیاندن: هیچ وڵاتێک دژی ریفراندۆم نییە کەچی هەندێ مێدیای کوردی دژایەتی دەکەن
(د.ئەکرەم ئۆنەن)، کە دکتۆراکەی لە بواری میدیادا لە ڕووسیا بەدەست هێناوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''تا ئێستا یەک وڵاتی دنیا یەک وشەی (دژی ڕیفراندۆم) بەکار نەهێناوە، کەچی میدیای هەندێک لایەنی کوردستان کەتوونەتە دژی و هەر هەڵوێستی هەندێک وڵات بڵاو دەکەنەوە و دەڵێن، ئەم وڵاتە دژی ڕیفراندۆمە. پێویستە حکوومەت لەسەر ئەم پرسانە لێكۆلێنەوە لەگەڵ ئەو میدیانە بکات، کە چۆن لە ڕوویان هەڵدێت لەسەر ناوی ئەو وڵاتانە قسە بکەن و قسەی نەڕاستیش.''
هەرەوەها دەربارەی کاتی ڕیفراندۆمەکە (ئۆنەن) گوتی: ''کاتەکە گونجاوە، بەڵام پێویست بوو خێراتر ئەنجام بدرایە، لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی و ڕووخانی یەکێتیی سۆڤییەت و نەمانی سیستەمێکی جیهانییەوە، باشترین هەلە بۆ ئەوەی کورد لەم هەلەدا سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت، بەر لەوەی سیستەمێکی جیهانی بۆ وڵاتان دابنرێتەوە، چونکە تا ئێستا ڕێکخستنێکی ئەوها نییە و لەم بۆشاییەدا پێویستە سەربەخۆیی ڕابگەیەنرێت.''
ئەو پسپۆڕی ڕۆژنامەوانییە دەڵێت: ''لە جاڕنامەی مافی نەتەوەکاندا ناکۆکییەک هەیە، لە بەندی دووەمدا دەڵێت: یەکێتی و یەکپارچەیی نەتەوەکان گرینگە و لە ماددەی ٦دا دەڵیت: هەر گەل و وڵات و نەتەوەییەک مافی چارەی خۆنووسینی هەیە و دەتوانێت دیاری بکات، کە چۆن بژیێت.''
(ئۆنەن) دەربارەی پشتگیریی وڵاتان بۆ ڕیفراندۆم گوتی: ''لە ساڵی ١٩٩١دا کۆسۆڤۆ ڕیفراندۆمی کرد، ئەمەریکا و ئینگلیزەکان پشتگیرییان دەکرد و هەرێمی ئەبخازی و هەرێمی ئەستینیا ڕیفراندۆمیان کرد، ڕووسیا پشتگیریی دەکردن، بەڵام ئێستا ئەم هەموو وڵاتانە پشتگیریی کوردستان دەکەن، پێویستە کورد لە ڕیفراندۆم نەترسێت و بە هەموو حەماسەتێکەوە ڕیفراندۆمەکە بکەن، چونکە دنیا هەمووی پشتگیری لە کوردەکان دەکەن.''
kdp-
