پارێزگاری هەولێر: حەشدی شەعبی لە چەند ناوچەیەک ئاستەنگ بۆ هاتنی گەشتیاران دروست دەکەن
ئەمڕۆ شەممە 24/6/2017، نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە میانی پێشوازیکردنی لە گەشتیاران لە بازگەی (هەولێر - کەرکووک) پێشکەشی کرد، ڕای گەیاند: ”تائێستا هەزاران کەس بە بۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزان هاتوونەتە کوردستان، دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکان و دامەزراوەکانی گەشتوگوزاری لە هەموو ناوچەکان پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە چەند ناوچەیەکی ڕێگەی نێوان بەغدا و کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکەی وەک داقووق، هێزەکانی حەشدی شەعبی ”ئاستەنگ بۆ هاتنی گەشتیاران دروست دەکەن“.
ڕوونیشی کردەوە کە لە دوێنێوە تاوەکوو نیوەڕۆی ئەمڕۆ، 13 هەزار گەشتیار لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوونەتە هەولێر و چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی جەژنیشدا گەشتیاری زیاتر بگەن. گوتیشی: ”هەموو هۆتێلەکانی هەولێر بە تەواوەتی گیراون. دامەزراوەکانی گەشتیاری ڕێنمایی و ڕێوشوێنی پێویست بە گەشتیاران و کۆمپانیا گەشتیارییەکان دەدەن“.
باسیشی لەوە کرد کە ئاسانکاری بۆ ئەو گەشتیارانەش دەکەن کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ڕێگەی مەرزی (حاجی ئۆمەران) دێنە سنووری پارێزگای هەولێر. دووپاتیشی کردەوە: ”سەرجەم ڕێوشوێنەکان بۆ هاتنی گەشتیاران ئاسان دەکەین، تەنیا ڕێوشوێنی ئەمنیی توندوتۆڵ دەمێنێتەوە، ئەوش بەهۆی گرنگییەکەی بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان“.
لە کۆتاییدا نەوزاد هادی، داوای لە سەرجەم ڕێستورانت و چێشتخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کرد، لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا کار بکەن، بۆ ئەوەی ”ببنە بەشێک لە پرۆسەی هاندانی هاتنی گەشتیاران“.
باسنيوز
