دەنگۆی نەمانی ڤیزا لەنێوان هەولێر و تاران بڵاو دەبێتەوە
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئێران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە، کە ماوەی سێ ساڵە لە کۆبوونەوەکاندا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و ئێران باس لە هەڵگرتنی ڤیزا لە نیوان هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتە دەکەن.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی بە ئاماژەکردن بەوەی ئێستا لەبەرامبەر پێدانی ڤیزای ئێران 50 دۆلار لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێ، هەواڵێکی ماڵپەڕە ئێرانییەکانی رەت کردووەتەوە و رایگەیاندووە، هیچ بڕیارێک لەبارەی هەڵگرتنی ڤیزا لەنێوان هەولێر و تاران نەدراوە.
ئەو بەرپرسە هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەگەر ڤیزا لە نێوان عێراق و ئێران نەمێنێت، ئەوا گەشتیارێکی زۆر سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق و حکوومەتی عێراق پێی کۆنتڕۆل ناکرێت، بۆیە ”بڕواناکەم حکوومەتی عێراق ڕازی بێت“.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی پێیوایە ئەگەر ڤیزا لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بە جیا لەگەڵ عێراق نەمێنێت، ئەوا هیچ کێشەیەک لە هەرێمی کوردستان دروست نابێ.
باسنيوز
