پەرلەمانتارێکی یەکێتی: دەبێ سیاسییەکان تێبگەن کە هۆشیاریی سیاسی و پرسی نەتەوەیی تێکەڵ نەکەن

 پەرلەمانتارێکی یەکێتی: دەبێ سیاسییەکان تێبگەن کە هۆشیاریی سیاسی و پرسی نەتەوەیی تێکەڵ نەکەن
پەرلەمانتارێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەڵێت: "سەرجەم خەڵکی کوردستان لەگەڵ پرسی ریفراندۆمدان، بۆیە ناکرێ ئەم پرسە تێکەڵاوی یاریی سیاسی بکرێت، چونکە چارەنووسی گەلێکی لەسەر بونیاد نراوە".


سامان فەتاح، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: "لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی یەکێتی و گۆڕاندا باس کراوە کە دەبێ پرسی ڕیفراندۆم لەڕێگای پەرلەمانەوە بکرێت و بە یاساییبوونی ئەم پرسە واتە بەشداریی زۆربەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە لە ڕیفراندۆمدا، چونکە ئەم پرسە زۆر هەستیارە، چارەنووسی گەلێکی لەسەرە، بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە ڕیفراندۆم دەکەین، دەبێ خەڵک ئازارەکانی ڕابردووی بیر نەکات، چونکە گەلی کوردستان لە عێراق بە پلە دوو تەماشا دەکرا، خەڵک لەسەر ناسنامەی کوردبوونی لە سێدارە دراوە، لەسەر زمانی کوردی زمانی خەڵک بڕاوە، ناکرێت گەلێک ئەم هەموو قوربانییەی هەبێت، کەچی لەسەر دژایەتیی ریفراندۆم گۆش بکرێت".


ئەوەشی خستەڕوو "دەبێت سیاسییەکانی کوردستان و حزبە سیاسییەکان لەوە تێبگەن کە هۆشیاریی سیاسی و یاریکردن بە پرسە نەتەوەییەکان زۆر جیاوازن و دەبێت راگەیاندنەکان دەوری گرنگ ببینن، رەنگە هاووڵاتی سادە لە ماڵەوە دادەنیشێت کاریگەریی لەسەری هەبێت و دەبێ راگەیاندنی حزبەکان و سەرکردایەتی سیاسیی کورد گرنگی بەو بابەتە بدات بۆ وریاکردنەوەی تاکی کورد لە دیاریکردنی مافەکانی".










باسنیوز
Top