ناز عەبدوڵا لە 4 رۆژدا 48 ملیۆن دیناری بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی کوردستان کۆ کردەوە

ناز عەبدوڵا لە 4 رۆژدا 48 ملیۆن دیناری بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی کوردستان کۆ کردەوە


خانمە راگەیاندنکار ناز عەبدوڵا، لە کەمپینێکی چوار رۆژەدا لە هەولێر، توانی بڕی 48 ملیۆن دینار بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی کوردستان کۆ بکاتەوە و لە رێی رێکخراوەکانی ئەو بوارەوە بیگەیەنێتە دەست هەژارترین ئەو کەسانەی خاوەن پێداویستیی تایبەتن.



ئیوارەی دوێنێ پێنجشەممە 22\6\2017 خانمە راگەیاندنکار ناز عەبدوڵا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، کە زۆر لە کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکان راستەوخۆ گواستیانەوە، بە ئامادەبوونی نوینەرانی رێکخراوە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە پارێزکانی (سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە، دهۆک) ئەنجامی ئەو کەمپینەی راگەیاند، کە لە رۆژانی 18 تا 21\6\2017 لەبەردەم پارکی شانەدەر لە هەولێر، لەژیر دروشمی (با هەموومان پێکەوە خەم و ئازارەکانیان کەم بکەینەوە) بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی کوردستان رێکی خست.



لەو کۆنفرانسەدا لەبارەی ئەنجامی ئەو هەڵمەتەیەوە گوتی: ”بە پشتیوانیی خەڵکی مرۆڤدۆست و کۆمەکبەخشی کوردستان و هەولێری ئازیز بەتایبەت، هەروەها بە پاڵپشتیی دەزگاکانی راگەیاندنی کوردستان، سوپاس بۆ خوا، بە هاوکاریی هەموو لایەک لەچاو ئەوەی کەمپینەکەم چوار رۆژ بوو، سەرکەوتنێکی باشم بەدەست هێنا“.



لەبارەی وردەکاریی هەموو ئەو کۆمەکەی لەو چوار رۆژەی کەمپینەکەدا کۆی کردەوە، ناز عەبدوڵا رای گەیاند: ”بڕی 48 ملیۆن دینار کە (نزیکەی 40 هەزار دۆلار) دەکات، کۆی ئەو کۆمەکە داراییە بوو کە کۆمان کردەوە، هەروەها کۆمەکی کەلوپەل و پێداویستییش بەم شێوەیە بوو:

(17) دانە کورسیی عەرەبانەی تایبەت بە کەمئەندامان

(4) دانە رەوڕەوەی تایەدار

( 12 ) دانە ڕەوڕەوەی بێ تایە

(15) دانە کورسیی توالێتی تایبەت بە کەمئەندامان

(146) دانە دارشەقی تایبەت بە کەمئەندامان

(54) دانە گۆچان یان گۆپاڵی تایبەت بە نابینایان

(50) کارتۆن وشکەخۆراک کە هەر کارتۆنێک بەشی حەوت ژەمی خێزانێک دەکات.

بەشی نزیکەی 3 هەزار منداڵ و خاوەن پێداویستیی تایبەت، دەستە حەفازە یان دایبیی گەورە و بچووک.

(370) پاکەت کلێنسی تەڕ

(150) پاکەت و لوولەی کلێنسی وشک

(16) جووت پێڵاوی منداڵان

(14) سێت جلی منداڵان

(10) قەعدەیپلاستیکی

(8) دەستە سابوون



لەبارەی جۆری دابەشکردنی ئەو کۆمەکەوە، ناز عەبدوڵا روونی کردەوە: ”من ئەو کارەم بە هەماهەنگی لەگەڵ 24 رێکخراوی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە پارێزگاکانی (سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە، دهۆک) ئەنجام دا و هەریەک لە رێکخراوەکان یاداشتی بۆ هەڵمەتەکە نووسی و داوای کرد بەشێک لەو کۆمەکەی پێ بگات، ئەوە بوو رۆژی ٢٢\٦ واتە رۆژێک دوای کۆمەکەکە بە ئامادەبوونی نوێنەر یان سەرۆکی 24 رێکخراوەکە، سندووقی کۆمەکەکەمان کردەوە و هەموو پرۆسەکە بە کامێرای ڤیدیۆ گیراوە و دواتر لیژنەیەکمان دروست کرد کە خۆم و 8 نوێنەری رێکخراوەکانی هەرێمی کوردستان لە هەر چوار پارێزگاکە تاوتوێمان کرد و لیژنەکە بڕیاری دا و هەر ڕێکخراوێک بڕی 2 ملیۆن دیناری پێ بەخشرا تا پێش جەژن بەسەر هەژارترین ئەندامە خاوەن پێویستییە تایبەتەکاندا دابەشی بکەن، رێکخراوەکانی دهۆک بریتی بوون لە (کۆمەڵەی بیرکۆڵانی کوردستان، کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان، کۆمەڵەی ژینی کوردستان، کۆمەڵەی کەڕولاڵانی کوردستان، یەکێتیی نابینایانی کوردستان، کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان، کۆمەڵەی هیمۆفیلیای کوردستان، کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان). لە هەڵەبجە (رێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە)، لە سلێمانی (یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان، کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان، کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان، کۆمەڵەی توانابەخشینی منداڵان-سلێمانی، کۆمەڵەی کەڕولاڵانی کوردستان، یەکێتیی نابینایانی کوردستان، کۆمەڵەی رۆژ). لە پارێزگای هەولێریش (کۆمەڵەی بیرکۆڵانی کوردستان، کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان، کۆمەڵەی ژینی کوردستان، کۆمەڵەی کەڕولاڵانی کوردستان، یەکێتیی نابینایانی کوردستان، کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان، کۆمەڵەی هیمۆفیلیای کوردستان).



کەلوپەل و پێداویستییە تایبەتەکانیش کە وەک کۆمەک هاتوون بۆ هەر ڕیکخراوێک بەپێی پێویستیی خۆی، بۆ نموونە نابینایان گۆچانیان پێ دەدرێ کەمئەندامی دەست و پێ عەرەبانەی کورسی و کورسیی توالێت و دارشەق و هەروەها ئۆتیزم بەزۆری حەفازە و کلێنس و ئیدی بەم شێوەیە.



ئەو خانمە راگەیاندنکارەی سەرپەرشتیاری هەڵمەتێکی کۆمەک بۆ خاوەن پێویستیی تایبەت راشی گەیاند: ”بێ گومان کێشە و گرفتی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کە بەپێی داتای رێکخراوەکان پتر لە سەد هەزار کەسن، هەرهەمووی بەم هەڵمەتە چارەسەر نابێ، بەڵام ئەمە هەوڵێکی زۆر بچووکە کە تا لەڕێیەوە هیچ نەبێ، ئەو کەسانەی کە زۆر پێویستیان بە کۆمەکە و لە خراپترین باری گوزەراندان، شتێکیان پێ بگات، بێ شک ئەولەویەتیش بۆ ئەو کەسانە بوو“.



ناز عەبدوڵا گوتیشی: ”هەر لە سەرەتاوە رێکخراوەکان پێیان راگەیاندم کە لە کوردستاندا، نزیکەی یەک هەزار خێزان کە منداڵی خاوەن پێداویستیی تایبەتیان هەیە لە گوزەرانێکی زۆر خراپدان و تەنانەت خەرجیی خوانی جەژنیشیان نییە، بۆیە ئەگەر بڕی ئەو ٤٨ ملیۆن دینارەی کۆم کردەوە لە کۆمەکبەخشان، بۆ نموونە هەریەکەیان بڕی 50 تا 60 هەزار دیناری جەژنانەیان پێ بدرێ واتە 850 تا 950 خێزان لەو کۆمەکە داراییە سوودمەند دەبن، ئەمە جگە لەوەی خەڵکانێکی تر سوود لە کەلوپەل و پێداویستیی تر وەردەگرن، بۆ نموونە ئێمە بەشی سێ هەزار منداڵی خاوەن پێویستیی تایبەت تەنیا حەفازە و دایبیمان بۆ هاتووە“.



سەرپەرشتیاری کەمپینی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی کوردستان لە هەولێر، لە کۆتاییدا سوپاسی هەریەکە لە (کۆمەکبەخشان، دەزگاکانی راگەیاندن، پارێزگای هەولێر، شارەوانیی هەولێر، پۆلیسی هەولێر، کۆمپانیای بابیلۆن، هۆتێلی چوارچرای کرد) کە لە کەمپینەکەدا هاوکاریی زۆریان کرد.



ناز عەبدوڵا گوتیشی: ”بە هیوام حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بەرز بکاتەوە و مانگانە لە کات و ساتی خۆیدا دابەش بکرێت و میکانزمێکی گونجاو بۆ دابەشکردنی مووچەکانیان دابنرێت کە لەوە زیاتر ئەزیەت نەکێشن، هەروەها هەموو گرفتەکانی تریان بۆ چارەسەر بکرێت، هیوادارین لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان هیچ کێشە و گرفتێکیان نەمێنێ“.



ناز روونیشیی کردەوە، ئەو کۆمەکە بەم مەرجانە دراوە بە رێکخراوەکان: ”یەکەم: هەریەکە لەو ٢٤ رێکخراوە، لای خۆیانەوە ناوی ئەو خاوەن پێداویستییانە دەستنیشان بکەن کە لە رەوشێکی زۆر زۆر خراپدان و زۆر پێویستیان بەو کۆمەکەیە، دەبێ لەم ناونووسکردنەدا رەچاوی ئەندامانی لقەکانی خۆیان لە قەزا و ناحیەکاندا بکەن و ئەوان بێ بەش نەبن. دووەم: لانی کەم کۆمەکی درایی دەبێ پێش جەژن لە رێگەی رێکخراوەکانی خاوەن پێداویستیی تایبەتەوە بگەنە ئەو کەسانەی کە لە لیستی ئەولەویەتی کۆمەک پێ بەخشیندا تۆماریان کردوون. سێیەم: دەبێ پرۆسەی دابەشکردنی کۆمەکەکە وێنەی ڤیدیۆ و فۆتۆی بگیرێت و فلێکسی تایبەت بە کەمپینەکە لە رۆژی دابەشکردنەکە هەڵبواسرێت لەو هۆڵەی کۆمەکەکەی لێ دابەش دەکەن“.



لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەدا سامان حسێن سکرتیری یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان لە سلێمانی، وێڕای سوپاسی زۆری بۆ ناز عەبدوڵا کە ئەو کەمپینەی بۆ خاوەن پێویستیی تایبەتەکان رێکخست گوتیشی: ”سوپاسی ماڵباتی ناز عەبدوڵاش دەکەین کە بە هاوسەر و کوڕ و کچ و خوشک و دایک و خزمەکانیەوە، ئەوە هەفتەیەکە خۆیان بۆ ئەو کەمپینە تەرخان کردووە“.



سامان حسێن کە بەناوی سەرجەم رێکخراوەکانی خاوەن پێداویستیی تایبەتەوە لە کوردستان قسەی کرد:، هیواشی خواست: لەمەودوا حکوومەتی هەرێم ئاوڕی جدی لە گوزەران و رەوش و دۆخی توێژی خاوەن پێداویستیی تایبەت بداتەوە و سوپاسی دانیشتووانی شاری هەولێر و هەموو ئەو کۆمپانیا و کەسایەتییانەشی کرد کە بەدەنگ هەڵمەتەوە چوون و کۆمەکیان بەخشیوە“.



بە هەمان شێوە، یادگار پیرداود سەرۆکی یەکێتیی نابینایانی کوردستانیش، سوپاسی رێکخستنی هەڵمەتەکەی کرد و داوای لە حکوومەتی هەرێم کرد هەوڵ بدات دۆخی گوزەرانی کەمئەندامان باش بکات.



شایەنی باسە، خانمە راگەیاندنکار ناز عەبدوڵا، پێشتریش لە سەرەتای شەڕی تیرۆریستانی داعش دژ بە کوردستان و دەسپێکی قەیرانی دارییەوە، تا ئێستا چەندین کەمپین و هەڵمەتی هاوشێوەی ئەنجام داوە، لەوانە هەڵمەتی کۆمەکبەخشی ئاوارەکان و هەروەها ئەوانەی پەنایان بۆ چیای شنگال بردبوو، بەهاوکاریی ئەنجومەنی باڵای خانمانی کوردستان، سێ جار کەمپینی دروستکردنی خواردن و گەیاندنی بە هێزی پێشمەرگە، هەڵمەتی دروستکردنی سەد هەزار کولیچە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە زۆربەی بەرەکانی شەڕ.
bas news-
Top