سلێمانی.. بەناوی وەرگرتنی مووچە و زەوییەوە پارە لە خەڵک وەردەگیرێت
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی، ئاماژە بەوە دەکات کە کەسێک بەناوی بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە ھاووڵاتییان ھەڵدەخەڵەتێنی پارەیان لێ وەردەگرێت.
عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێرییو گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی، رای گەیاند: "بەردەوام ژمارەیەک لەو ھاووڵاتیانەی لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی مووچەیان ھەیە، پەیوەندیمان پێوە دەکەن و سکاڵای ئەوە دەکەن کە کەسێک تەلەفۆنی بۆ کردوون و داوای موژدانەیان لێ دەکات بەھۆی ئەوەی زەوی بۆ دەرچووە یان چەند مووچەیەکیان پێکەوە بۆ وەردەگرێت، ئەو کەسە بەناوی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری کەمئەندامان یان تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتییەوە قسە دەکات، ھێندێک لەو ھاووڵاتیانەش بەھۆی فەقیر حاڵی، نەبوونیو بارودۆخی نەگونجاوی ژیان و ھەندێک ھۆکاری دیکەوە دەکەونە داوی کاکی فێڵباز و بێ ویژدانەوەو لە ڕێگەی ناردنی باڵانسەوە دیارییەکەی خۆیان دەنێرن بۆ ئەو فێڵبازە، ئەویش وەک چۆن گورگ پاش ئەوەی نێچیرەکەی ڕاو دەکات بای بای دەکات و کاری بە ھاووڵاتی خەڵەتێنراو نامێنێت و سەرقاڵی فێڵکردنە لە کەسانی دیکە".
بۆیە بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی، ئەوەی خستەڕوو: "ئەم دیاردەیە ماوەی زیاتر لە 5 ساڵە ھەیە، کەسێک یان کەسانێکی فێڵباز ھێندێک زانیارییان دەستکەوتووە وەک ناوی سیانی و ژمارە تەلەفۆن، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی ھاووڵاتیان فێڵەکەیان بەسەردا تێپەڕێت، بۆیە پێویستە دەزگاکانی ناوخۆ و دادگا بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە بگەنە ئەنجام، بۆ ئەوەی ئەگەر ھەر کارمەندێک تێوە گلابێت سزای خۆی وەربگرێت یان ڕوون ببێتەوە سەرچاوەی زانیارییەکان لە کوێیە".
عومەر گوڵپی، ئەوەشی روون کردەوە: "ئەم فێڵبازە، ژمارە مۆبایلی جۆراو جۆرو ناوی جۆرا و جۆر بەکاردەھێنێت، بۆیە لەم جۆرە فێڵانەدا تەنھا کەسی فێڵکار و فێڵباز بە تاوانبار ھەژمار ناکرێت، بەڵکو ئەو کەسانەشی دەکەونە داوی ئەم فێڵبازەوە، کەمتەرخەمن و نابێت بەبێ ھۆ ھیچ بڕە پارەیەک بەناوی ھیچ شتێکەوە بدەنە ھیچ کەسێک، چونکە ئەوە وەک بەرتیل وایە، بەرتیل وەرگرەو بەرتیل دەریش بە پێی شەرع و یاساش وەک یەک تاوانبارن".
جەختیشی لەوە کردوەتەوە: "ئەم دۆسییەیە زیاد لە جارێک لە کۆن و نوێدا خراوەتە بەردەست دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش، بە داخەوە تا ئێستا ھیچ ئەنجامێکمان دەست نەکەوتووە، ئومێدەوارین لەم ڕووەوە ھاوکار و ھاوڕێکانمان لە دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش کارایانەتر کاربکەن، بێگومانیش دواجار ئەم فێڵکارە ھەر دەکەوێتە داوی یاسا".
bas news-
