هێمن هه‌ورامی: ڕیفراندۆم موڵكی هیچ لایه‌نێك و كه‌سێكی دیاریكراو نییه‌

هێمن هه‌ورامی: ڕیفراندۆم موڵكی هیچ لایه‌نێك و كه‌سێكی دیاریكراو نییه‌


به‌رپرسی كاروباری سیاسی و په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی مه‌كته‌بی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ڕیفراندۆم بابه‌تێكی نیشتمانییه‌ و موڵكی هیچ حزب و لایه‌نێكی سیاسی دیاریكراو نییه‌.


هێمن هه‌ورامی، به‌رپرسی كاروباری سیاسی و په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی مه‌كته‌بی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ كه‌ناڵی (trt kurd)ی راگه‌یاندووه‌: "ڕیفراندۆم بابه‌تێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌، په‌یوه‌ندی به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی خه‌ڵكی و كوردستان هه‌یه‌، موڵكی هیچ حزب و لایه‌نێكی سیاسی دیاریكراو نییه‌".


هه‌ورامی، ئه‌وه‌شی روون كردوه‌ته‌وه‌: "ریفراندۆم میكانیزمێكی دیموكراسیانه‌یه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ڕای میلله‌ت، وه‌ك باڵاترین سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵات و شه‌رعییه‌ت، كه‌ داوا له‌ خه‌ڵك بكرێت چ چاره‌نووسێك هه‌ڵبژێرێت".


به‌رپرسی كاروباری سیاسی و په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی مه‌كته‌بی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو له‌ ڕۆژی 2017/9/25 ڕیفراندۆم ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش به‌مانای ئه‌وه‌ نییه‌ ڕۆژی دواتر سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نرێت و ده‌شڵێت: "ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی راده‌گه‌یه‌نرێت، ده‌وڵه‌تی كوردی نییه‌، به‌ڵكو ده‌وڵه‌تی كوردستانییه‌، چونكه‌ له‌ كوردستان نه‌ته‌وه‌ی جیاجیا ده‌ژین و هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ كوردستان ده‌ژێن، هاووڵاتییه‌كی كوردستانین".


هێمن هه‌ورامی، جه‌ختیشی له‌وه‌ كردووەته‌وه‌ كه‌ له‌ دوای 2017/9/25 پڕۆسه‌یه‌كی درێژخایه‌نی گفتوگۆ بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاری گه‌لی كوردستان له‌ پرسی سه‌ربه‌خۆیدا له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عێراق قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت، گوتیشی: "هه‌رێمی كوردستان له‌ 26 ساڵی ڕابردوو سه‌لماندوویه‌تی كه‌ نه‌ بۆ توركیا و ئێران، نه‌ بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ نییه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ین كه‌ وڵاتی توركیا، یه‌كه‌م وڵات بێت دان به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا بنێت".


پێشتر له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ 7/6/2017 مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی ھه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ر و سه‌ركرده‌ی حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، بڕیاریدا رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئه‌نجام بدرێت، كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی ھه‌رێمی كوردستان، بگرێته‌وه‌.

bas news-
Top