کەرکووک.. دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھاوکاری ١٧٩ خێزانی شەھید کرد
بەمەبەستی رێزگرتن لە یادی شەھیدان و پشتیوانی کەسوکاری شەھیدان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بڕی یەک ملیۆن دینار ھاوکاریی سیروان بارزانی پێشکەشی ھەر یەک لە خێزانی سەربەرزی شەھیدان لە کەرکووک کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢/٦/٢٠١٧ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، مەراسیمێکی شایستەی بۆ کەسوکاری شەھیدان لە شاری کەرکووک بەڕێوەدەبرد و لە مەراسیمەکەدا بۆ ھەرخێزانێکی شەھیدان بڕی یەک ملیۆن دیناری عێراقی پێشکەش کرا.
مەراسیمەکە بەبەشداری خێزانی شەھیدان، بەرپرس و کەسایەتییە سیاسییەکان، نوێنەری رێکخراو، لایەنەکان و ئەندام پەرلەمانەکان بە سرودی نیشتمانی ئەی رەقیب دەستی پێکرد و دواتر پرۆمۆیەک لەسەر کاروچالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشکەشی بەشداربووان کرا.
رێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە وەکالەت گوتارێکی بەو بۆنەیەوە پێشکەشی بەشداربووان کرد، رای گەیاند: ''سوپاس بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، کە شەرەفمەندین بەشدارین لەم جۆرە چالاکییانەدا و دووبارەی دەکەینەوە ئێمە ھەرگیز ئەو فیداکارییانەی شەھیدانمان لە یاد ناکەین کە بۆ پاراستنی ئەم نیشتمانە کردوویانە''.
دواتر وەیس جەلیل، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەخێرھاتنی کەسوکاری شەھیدان و میوانە ئازیزەکانی کرد و رای گەیاند: ''ئەمڕۆ ھەموومان لێرە کۆبووینەتەوە بۆ رێزگرتن لە خەباتی شەھیدە سەربەرزەکانمان، ئێمە وەک دەزگای خێرخوازیی بارزانی، کار بۆ بە دیھێنانی دادپەروەری دەکەین و رێکخراوێکین بەرەو نێودەوڵەتی بوون کاردەکەین''.
گوتیشی: ''دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ھاوکاری بەو کەسانەی کە پێویستیان پێیە دەبەخشێت، لە رێگەی ئەو کەسانەوە کە توانای ھاوکاری کردنیان ھەیە، لە کەرکووکیش ھاوکاری خێزانی ١٧٩ شەھید دەکەین، کە ھاوکاریەکە بڕی یەک ملیۆن دیناری عێراقییە بۆ ھەر خێزانێک و لەلایەن سیروان بارزانییەوە دابین کراوە''.
لە مەراسیمەکەدا ھاوکارییەکان پێشکەشی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان کران، ھەر خێزانێک بڕی یەک ملیۆن دیناری عێراقی پێشکەش کرا.
bas news-
