كەشوهەوای جیاوازی رەمەزان لە خانەقای بیارە
خانەقای بیارە لە ئێوارانی مانگی رەمەزان و شەوانی قەدردا بەردەوام دەرگای كراوەیە بۆ دانیشتووانی ناوچەكە و ئەو كەسانەی لە شار و ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستانەوە روو لە خانەقاكە دەكەن، هەروەها رۆژانەش خوانی بەربانگ بۆ نوێژخوێن و رێبواران ئامادە دەكات.
لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزاندا، خانەقای بیارە جیاوازتر لە مانگەكانی تری ساڵ پێشوازی لەم مانگە دەكات و مامۆستا و فەقێ و دەروێشان و نوێژخوێنانیش زۆربەی كاتەكانیان لەناو خانەقاكەدا و بەدەم زیكر و قورئان خوێندن و نوێژ و عیبادەتەوە بەسەر دەبەن، ئێوارانیش خوانی بەربانگ بۆ دەیان كەس ئامادە دەكرێت و خانەقاكە دەبێتە شوێنی خواپەرستی و حەوانەوەی ئەو كەسانەشی رێگایان دەكەوێتە ناوچەكەوە.
خانەقای بیارە مێژوویەكی دێرینی هەیە لە پێگەیاندنی مامۆستایانی ئایینی و چەندین زانای ناودار لەو خانەقایەدا خزمەتیان كردووە، خانەقاكە دەكەوێتە ناحیەی بیارە لە ناوچەی هەورامانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە (بە دووری 98 كیلۆمەتر باكووری رۆژهەڵاتی سلێمانی).
خانەقای بیارە لە ساڵی 1885ی زاینی لە لایەن شێخ عومەر زیائەدینی بیارە دروست كراوە كە گۆڕەگەی لە ئێستادا لە خانەقاكەدایە، ئەم خانەقایە قوتابخانەی پێگەیاندنی فەقێیەكانی ناو حوجرەكان بووە تاوەكو ئێستاش بەردەوامە لە خزمەتكردن.
ئەوەی دیمەنی ئەم خانەقایەی جوانتر كردووە لە ناو سروشتە جوانەكەی هەوراماندا، دیمەنی دەیان پیری ریش سپی نورانی و فەقێ و منداڵ و پیاوانی بە تەمەنی ناوچەی هەورامانن بە جلوبەرگی كوردەواری خۆیانەوە كە ئێواران روو دەكەنە خانەقاكە و لە چاوەڕوانی بانگ و شكاندنی رۆژووی رۆژێكی تری مانگی رەمەزاندان..
bas news-
