سه‌رۆكی یه‌كیتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان :به‌شداریكردن له ڕیفراندۆم ئه‌ركێكی ئایینیه
مه‌لا عه‌بدوڵڵا سه‌عید سه‌رۆكی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان سه‌باره‌ت به ڕای مامۆستایانی ئایینی له‌باره‌ی پرسی ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان گوتی: "به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ڕیفراندۆم یه‌كێكه له ئه‌ركه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانی هه‌ر تاكێك و ئه‌ركێكی ئایینیشه كه مرۆڤ بتوانێت بۆخۆی بڕیار له‌باره‌ی چاره‌نووسی خۆی بدات و مامۆستایانی ئایینی كورد له ڕابردوو و ئێستاش پشتیوانی هه‌ر هه‌نگاوێك بوونه كه ببێته هۆكار بۆ سه‌ربه‌خۆیی گه‌لی كورد".
گوتیشی : "مامۆستایانی ئایینی پشتگیری له‌بڕیاری سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد و لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به دیاریكردنی ڕۆژی 25ی9ی ئه‌مساڵ بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر تاكێك به ئازادانه بڕیار له‌باره‌ی چاره‌نووسی خۆی بدات و هانی هاووڵاتیانیش ده‌ده‌ن بۆبه‌شداریكردن له‌و پڕۆسه‌یه ".
ناوبراو ڕه‌تیكرده‌وه كه هیچ مامۆستایه‌كی ئایینی له‌دژی پرۆسه‌ی ڕیفراندۆم بێت و گوتی: " مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵی كارایان هه‌بووه له شیكردنه‌وه‌ی چه‌مكه ئایینیه‌كان و دڵنیام له‌ئه‌وه‌ی ماوه‌ی سێ مانگی داهاتوو ڕۆڵی كارایان ده‌بێت سه‌باره‌ت به شیكردنه‌وه‌ی چه‌مك و گرنگی بوون به ده‌وڵه‌ت بۆ هاووڵاتیان و هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووان به به‌ڵێ ده‌نگ به پرۆسه‌كه بده‌ن".
"یه‌كێك له‌و مافه نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی كه ئیسلام به هه‌موو تاكێكی داوه ئه‌وه كه مرۆڤ بتوانێت بۆخۆی گوزارشت له ڕا و بۆچوونی خۆی بكات و ڕیفراندۆمیش یه‌كێكه له‌و هۆكارانه‌ی كه مرۆڤ له‌و رێگه‌یه‌وه چاره‌نووسی خۆی دیاریده‌كات و ڕای خۆی ده‌رده‌بڕێت" سه‌رۆكی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان وایگوت.
bas news-
