نێچیرڤان بارزانی: هه‌ولێر و به‌غدا پێویستیان به دیالۆگێكی جیددییه.. ڕیفراندۆم خواست و ئیراده‌ی گه‌لی كوردستانه
سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 22-6-2017، (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له شاندێكی باڵیۆز و كۆنسووڵخانهكانی وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له عێراق و هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی (پاتریك سیمۆنێت) باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له عیراق كرد.
له دیارێكدا شاندی میوان پوخته‌یه‌كیان ده‌رباره‌ی ناوه‌ڕۆكی دواكۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا پێشكه‌ش كرد و، قوربانیدانی پێشمه‌رگه و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیان له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆردا به‌رز نرخاند، هه‌روه‌ها هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی زیاتری نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به ڕێگه‌ی دیالۆگ، دووپات كرده‌وه.
سه‌باره‌ت به ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستانیش، ئاماژه‌یان به‌وه دا، كه یه‌كێتی ئه‌ورووپا خوازیاره ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كان له شه‌ڕی دژی تیرۆریستانی داعش نه‌گۆڕیت، له‌مباره‌یه‌وه به پێویستیان زانی به هاوكاریی دۆستان، گفتوگۆ و دیالۆگێكی جیددی له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ست پێ بكرێت.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه و هاوكارییه‌كانی وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له شه‌ڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا كرد و، دید و بۆچوونه‌كانی شاندی میوانی به‌رز نرخاند و ئه‌نجامدانی دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی به پێویست زانی، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا پێویستیان به‌وه‌یه ده‌ست به دیالۆگێكی جیددی له‌باره‌ی داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌كان و پێكه‌وه‌ژیان و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان، بكه‌ن.
سه‌باره‌ت به پرسی ڕیفراندۆمیش سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی دا، كه ئه‌مه خواست و ئیراده‌ی گه‌لی كوردستانه به‌مه‌به‌ستی ده‌ستنیشانكردنی داهاتووی خۆی و جه‌ختی كرده‌وه، كه ئه‌وله‌ویه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رانبه‌ر شه‌ڕی دژی تیرۆریستانی داعش به هیچ شێوه‌یه‌ك گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نایه‌ت و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌تایبه‌تی له نێوان هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراقدا له ئاستێكی زۆر به‌رزدایه و به‌هۆیه‌وه سه‌ركه‌وتنی هاوبه‌شی گه‌وره به ده‌ست هاتوون و له هه‌وڵه‌كانیشیان بۆ له‌ناوبردنی داعش به‌رده‌وام ده‌بن.
سه‌باره‌ت به دۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستانیش، سه‌رۆكوه‌زیران ئاشكرای كرد كه هه‌وڵێكی جیددی هه‌یه بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێكی گونجاو و له هه‌وڵه‌كانیشیان به‌رده‌وام ده‌بن.
kdp-
