مەسروور بارزانی: کوردستانێکی سەربەخۆ فاکتەرێکی بەهێزتری جەنگی دژ بە تیرۆر و ئاشتەوایی و سەقامگیری لە دەڤەرەکەدا دەبێت
ئهمڕۆ 22/6/2017 (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان پێشوازیی لە شاندێکی باڵای یەکێتیی ئەورووپا بە سەرپەرشتیی (پاتریک سیمۆنێت) باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق کرد. لەم کۆبوونەوەیەدا کە چەندین بالیۆز و کۆنسووڵی وڵاتانی ئەورووپا ئامادەی بوون، دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گفتوگۆیان لە سەر کرا.
هەر لەم کۆبوونەویەدا پرسی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان خرایە بەر باس و شاندی ئەورووپا جەختیان لە سەر بنەمای گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان هەولێر وبەغدا کردەوە لە پێناو چارەسەریی گشت کێشەکان و لێکتێگەیشتنی زیاتر.
لە بەرامبەردا (مەسروور بارزانی) ئاماژەی بە ئەوەدا، کە گەلانی کوردستان بە نیازن بە شێوازێکی دیموکراتیک خواستی خۆیان بە رێگەی ریفراندۆمەوە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاشکرا بکەن و هەرێمی کوردستانیش رێگەی گفتوگۆ و دانوستان دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی خواستی هاووڵاتیانی کوردستان جێبەجێ بکرێت.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش دووپاتیشی کردەوە، کە هەوڵی فراوانتر دەدرێت تاکو نیگەرانیەکان لە دەڤەرەکەدا بڕەوێندرێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دڵنیا بێت، کە کوردستانێکی سەربەخۆ فاکتەرێکی کاریگەرتر دەبێت لە جەنگی دژ بە تیرۆر و توندڕۆیی و بەشدارێکی کاراش دەبێت لە پێناو سەقامگیری و ئاشتەوایی لە دەڤەرەکەدا.
kdp-
