موحسین سەعدون: هیچ ڕێگرییەکی یاسایی لەبەردەم ڕیفراندۆمدا نییە
(موحسین سەعدوون) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''میللەتی کورد وەک هەموو میللەتانی دیکەی جیهان، مافی ئەوەی هەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی گەلی کوردستان ڕیفراندۆم بکات و بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، چونکە هیچ گرفتێکی یاسایی نییە و دەتوانرێت لە کاتی خۆیدا بکرێت.''
(موحسین سەعدوون) دەشڵێت: ''ئەوانەی دژایەتیی ڕیفراندۆم دەکەن لە دواجاردا بێدەنگ دەبن، چونکە ئەمە بڕیاری خەکی کوردستانە و دەبێ ڕێز لە بڕیاری خەڵک بگیرێت، هاوکات کەس بۆی نییە گرفتی یاسایی دروست بکات بۆ ئەم پرسە، چونکە دامەزراوە شەرعییەکانی کوردستان بڕیارەکەیان داوە، بۆیە گرینگە خەڵکانێک لە ڕووە یاساییەکەیەوە بزانن کە گرفتمان نییە.''
پێوەست بە بڕیاری گەلی کوردستان بۆ ریفراندۆم، (د. ئاراس حەسۆ میرخان)، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لەگەڵ ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەی بەغدا ناگەینە دەرەنجام، بۆیە کاتی ڕیفراندۆم دیاری کراوە و لە کاتی خۆیدا خەڵکی کوردستان قسەی خۆی دەکات، چونکە ئەو هەموو قوربانییەمان بۆ سەربەخۆیی داوە، ئێستا باس لەوە دەکەن، کە خەڵکی کوردستان بەھۆی ڕیفراندۆمەوە برسی دەکرێن. ئێمە پێیان دەڵێین، کە لە بواری ئابوورییەوە ھیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ بەغدا نەماوە و منەتمان بە بەغدا نییە. چەند ساڵە بەغدا پارە و بوودجەی کوردستان نانێرێت و کەسیش لە برسان نەمرد. چونکە ئێمە هەنووکە ئابووریی سەربەخۆمان ھەیە و بڕوا و متمانەمان هەیە، کە لە داھاتوودا دۆخی کوردستان باشتر دەبێت.''
(د. ئاراس) ئەوەشی خستەڕوو: ''سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ عێراق هات، بەڵام دیارە ئەوان نییەتیان باش نییە و نایانەوێت لەگەڵ کوردستان بگەنە ڕێککەوتن، بۆیە باشترین چارە ڕیفراندۆمە.''
kdp-
