کەسوکاری شەهیدان: بە هەر دە پەنجە مۆری دەكەین ''بەڵێ'' بۆ سەربەخۆییی
(ئامینە محەممەد ئەمین)، دایكی شەهید (ئازاد تەیب گەرمیانی)، كە لە شەری تیرۆریستانی داعشدا شەهید بووە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە لە شاخ و لە شار خەباتمان بۆ ئازادی بوو، بۆ ئەوەی هیچ دڕەندە و ڕژێمیك زوڵم لە گەلی كورد نەكات، بۆ ئەوەی هیچ دڕندەیەكی وەكو داعش نەتوانێت خاكی كوردستان داگیر بكات. بۆ ئەوەی سەربەخۆ بین و دەوڵەتی كوردستانمان هەبێت. منی دایكە شەهید بە هەر 10 پەنجەم مۆری دەكەم، ''بەڵێ'' بۆ سەربەخۆیی، ''بەڵێ'' بۆ سەربەخۆییی كورد و كوردستان.''
(ئامینە محەممەد ئەمین) گوتیشی: ''ئێمەی دایكە شەهید جەرگمان لە ڕێی ئازادیی ئەم كوردستانەدا داناوە، ئێمە خاوەن قوربانین، داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین، یەك بگرن و بەبێ هیچ خۆدزینەوەیەك بەدەم ئەو ڕیفراندۆمەی 25ی ئەیلوولەوە بێن، با واز لە دەستكەوتی سیاسییان بێنن و ئاوڕێك لە جەرگی سووتاوی ئێمەی دایكە شەهید بدەنەوە.''
لای خۆیشیەوە (زكری مستەفا ڕێكانی)، برای شەهید (یونس مستەفا ڕێكانی)، كە لە شەڕی ئازادكردنەوەی ناوچەی زومماردا شەهید بوو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمەی كورد چەندین ساڵە تێدەكۆشین و خەبات دەكەین و ڕووبەڕووی چەندین دوژمن و دڕندە بووینەتەوە بۆ ئەوەی خاكی خۆمان بپارێزین و دەوڵەتی كوردستان دروست بكەین. ئێستا هەلێكە بۆ ئێمەی كورد ڕەخساوە و بڕیار دراوە 25ی ئەیلوول ڕیفراندۆم بكرێت، كە ئەمەش ئاواتی هەموو كوردێكە. بە دڵنیاییەوە ئێمەی بنەماڵەی شەهیدان بە ''بەڵێ'' دەنگی پێ دەدەین.''
(زكری مستەفا ڕێكانی) جەختیشی كردەوە: ''ئێمەی خاوخێزانی شەهیدان، تەنیا بە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان برینمان ساڕێژ دەبێت، كاتێك دەبینین كوردستان ئازادە و بووەتە دەوڵەت، ئەودەم هەست بەوە دەكەین، كە شەهیدانمان خوێنیان بەزایە نەچووە و ئەوەیە دەستكەوتی خوێنی ئەوان.''
(دلوژان حەسەن خۆشناو)، برای (شەهید عەلی حەسەن)، كە لە شەڕی شنگالدا شەهید بوو، هەروەها برای (شەهید بارزان حەسەن)، كە لە شەڕی دژ بە ڕژێمی بەعسدا شەهید كراوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''داری كوردستان بە خوێن ئاو دراوە، ئەگەر ئەو دارە بەر بگرێت و ببین بە دەوڵەت، ئەوا هەموومان لەو پێناوەدا ئامادەی شەهیدبوونین. گەلی كورد چەندین شۆڕشی گەورەی كرد بۆ ئەوەی سەربەخۆ بێت و بە هەزاران شەهیدمان داوە بۆ ئەو سەربەخۆییە. هەرگیزیش لەو مافەمان دەست هەڵناگرین و هەر دەبێ دەوڵەتی كوردستانمان دابمەزرێت.''
برای دوو شەهید ئاماژەیشی دا: ''دوژمن پێی خۆش بێت، یان نا، لە 25ی ئەیلوولدا ڕیفراندۆم دەكەین و دەوڵەتی كوردستان دروست دەبێت. ئەودەم ڕۆحی گشت شەهیدانی كوردستان ئاسوودە دەبێت. ئێمەی كەسوكاری شەهیدانیش ئامادەین سەد هێندەی دی شەهید بدەین بۆ كوردستانێكی ئازاد و بەرگری لە دەوڵەتی كوردستان.''
kdp-
