ئاسۆ کەریم: پێویستە گەرەنتی بە پێکھاتەکانی ناوچە کوردستانییەکان بدرێت

 	 ئاسۆ کەریم: پێویستە گەرەنتی بە پێکھاتەکانی ناوچە کوردستانییەکان بدرێت
چاودێرێکی سیاسی پێی وایە پێویستە ھەرێمی کوردستانی گەرەنتی بداتە ئەو پێکھاتانەی دەکەونە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم و دەشڵێت، دەوڵەتی داھاتووی کوردستان ھی ھەموو خەڵکی ناوچەکە دەبێت، نەک تەنیا هی کورد و ئەوانی دیکەش مافی خۆبەڕێوەبردنیان ھەیە لە ناوچەکانی خۆیاندا، مەبەست لە عەرەب و کریستیان و تورکمانەکانە.

(ئاسۆ کەریم)، چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پێویستە ھەرێمی کوردستان گەرەنتی بدات بە پێکھاتە و ئایینە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، کە دەنگ بە ڕیفڕاندۆم دەدەن، کە ژیان و ماڵیان پارێزراو دەبێت و دەتوانن لە داھاتوودا ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستان پەیڕەوی لە ئایین و مەزھەبی خۆیان بکەن، چونکە لەوانەیە ئەوان گومانیان لەوە ھەبێت ئەگەر دەنگ بە ڕیفڕاندۆم بدەن، زۆرینەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان سەر بە ئایینی ئیسلامە و چۆن بتوانن لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە کوردستانییەدا بژین، کە بڕیارە بە ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم بە دەستی بێنین، لەبەر ئەوە من پێم وایە پێویستە سەرکردایەتیی سیاسیی ھەرێم گەرەنتی بە ھەموو ئایینە جیاوازەکان و نەتەوەکانی غەیرە کورد بدات، کە دەوڵەتی داھاتووی کوردستان پەیڕەوی بەھا ڕۆژئاواییەکان دەکات و لە دەستووری ھەرێمی کوردستاندا مافەکانی ئایینی و نەتەوەیی و ھاووڵاتیبوونیان زامن دەکرێت.''

ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ئەگەر ئەوان ڕازی بن دەنگ بە ڕیفڕاندۆم بدەن، دەبێ لە ئایندەدا ھەموو ئەو ناوچانەی پێکھاتەکانی تێدا نیشتەجێن، وەک کریستیان بە کلد و ئاشوورەوە، لەگەڵ تورکمان و، کوردانی وەک ئێزدی و شەبەک، خۆیان ناوچەکانیان بەڕێوە بەرن، چونکە پێوستە لە ھەرێمی کوردستاندا دەوڵەتێک دروست بێت، ھی کوردستانیان بێت، نەک تەنیا ھی کورد بێت.''

(ئاسۆ کەریم) گوتیشی: ''پێشتریش جیاوازی لە نێوان پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستاندا نەبووە، ئێمەش بۆ ئەوە تێدەکۆشین کیانێکی سەربەخۆ دروست بکرێت، ھاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو دەوڵەتی یاسا دروست بکرێت، کە جێی بیروڕای ئازادی تێدا ببێتەوە، دەشکرێ لە ئایندەدا ئەو پرسی کۆتایە لە کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا بێت و عەرەبەکانیش بەشدار بن، ئەوانەی دەکەونە سنووری کوردستانەوە، ئەوانیش مافیان ھەیە نوێنەریان لە دامودەزگەی کوردستاندا ھەبێت، ھەتا لە پۆستەکانی حکوومەتیشدا پشکی پێکھاتەکان بدرێت، ئەوەش لە دەستووری داھاتووی کوردستاندا جێی بکرێتەوە، ئەوان مادام لەگەل ئێمە دەنگ دەدەن، دەشبێ نوێنەرێ خۆیان ھەبێت.''
kdp-
Top