بارزانی: داواکارین یەکێتیی ئەورووپا دژایەتیی مافە یاسایی و سروشتییەکانی گەلی کوردستان نەکەن
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22/6/2017 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ پاتریک سیمۆن، نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و شاندێکی باڵیۆز، کونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا کۆبووەوە کە پێکھاتبوو لە باڵیۆزانی بەلجیکا و پۆڵەندا لە عێراق، بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتی ئەورووپا لە ھەولێر، نوێنەرانی باڵیۆزخانەی ئیتالیا و ئیسپانیا لە عێراق، کۆنسوڵەکانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ھۆڵەندا، نوێنەرانی کونسوڵخانەی بەریتانیا، چیک و ڕۆمانیا لە شاری ھەولێر.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا، وێڕای ئاماژەدان بە کۆبوونەوەی ڕۆژی 19/6/2017ـی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە شاری بروکسێل، پەیامی یەکێتیی ئەورووپای بۆ بارزانی و ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە خستەڕوو، کە تێیدا یەکێتیی ئەورووپا، لە بەرانبەر تەحەدیات و کێشەکاندا پشتیوانیی خۆی بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردووەتەوە.
ھەروەھا ستاییشی ڕۆڵ و بەشداریی گەلی کوردستانیان کردووە لە شەڕی دژی تیرۆر و حەواندنەوەی ئاوارەکان و پێزانینیشیان بۆ قارەمانییەتی و قوربانیدانی ھێزی پێشمەرگە دووپات کردووەتەوە.
نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق ئەوەشی باس کرد کە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بۆ یەکێتیی ئەورووپا جێگەی بایەخە، بە پێویستیشی زانی کە پێکھاتەکانی عێراق بۆ شکاندنی تیرۆر و چەسپاندنی ئاشتی یەکگرتوو بن و تەرکیز لەسەر بابەتە ھاوبەشەکان بکەن و خۆیان لە بڕیاری یەکلایەنە بپارێزن و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵواسراوەکان و چارەنووسی ناوچە جێناکۆکەکان لە ڕێگەی ئاشتی بێت، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندی عێراق و ھەرێمی کوردستانە.
نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا ھێمای بە بڕگەیەکی تری پەیامی یەکێتی ئەورووپادا بۆ لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کە بۆ زاڵبوونە بەسەر ئاستەنگە سیاسییەکان و پڕۆسەی چاکسازی و ھەڵبژاردنەکان، ناکۆکییەکانیان وەلا بنێن و ڕێکبکەون.
ھاوکات پاتریک سیمۆن، نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا، ئەوەشی خستەڕوو کە مەبەست لە سەردانیان بۆ کوردستان گەیاندنی پەیامی یەکێتی ئەورووپا و تێگەیشتنی باشترە لە بڕیار و داواکارییەکانی ھەرێمی کوردستان.
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا کە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، نوێنەرانی حزبی شیوعی، بزووتنەوەی ئیسلامی، حزبی زەحمەتکێشان و نوێنەری حزبە تورکمانییەکان و مەسیحییەکانی کوردستان ئامادەی بوون، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە گوتەیەکدا بە وردی ئەو ھۆکارانەی شی کردەوە کە ھانی گەلی کوردستانی داوە بەرەو ڕیفراندۆم ھەنگاو بنێت.
بارزانی ئاماژەی بە سەرەتاکانی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق دا کە تێیدا گەلی کوردستان بە مەرجی شەراکەت بڕیاری ژیان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی دا، بەڵام لە قۆناغی 1921 ھەتا 2003 نەک تەنیا شەراکەت جێبەجێ نەکرا، بەڵکو چەمکی ھاووڵاتیبوونی گەلی کوردستانیش جێبەجێ نەکرا و لەو ماوەیەدا 4 ھەزار و 500 گوندی کوردستان وێران کرا، 180 ھەزار ڕۆڵەی کورد بەر پڕۆسەی ئەنفال کەوتن و بێ سەروشوێن کران، 12 ھەزار گەنجی فەیلی، 8 ھەزار بارزانی بێسەر و شوێن کران و کوردستانیش کیمیاباران کرا و ھەڵەبجە بووە ھێمای ئەو تاوانە.
بارزانی، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو نەھامەتی و جینۆسایدە بەشی شەراکەتی ئێمە بووە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا لە دوای 1991 گەلی کوردستان ویستی لاپەڕەیەکی تازە بکاتەوە و لەپێناو یەکپارچەیی عێراق و ئاشتیدا لەگەڵ ئەو کەسانە دانیشت کە تاوانی جینۆسایدیان لەدژی گەلی کوردستان ئەنجامدابوو، بەڵام بەداخەوە ئەو ھەوڵەیش سەری نەگرت، چونکە فەرھەنگی حاکم لە بەغدا فەرھەنگی بەپاشکۆدیتن و بەتاوانبارزانینی گەلی کوردستان بوو.
ھەروەھا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ھێمای بە قۆناغی دوای 2003 دا کە گەلی کوردستان بە ھەموو توانایەکەوە یارمەتی بنیاتنانەوەی عێراقیدا لەسەر بنەمای دیموکراسی، فیدرالیزم، دەستوور، شەراکەت، تەوافوق و ئومێدی بە ژیانێکی نوێ ھەبوو، بەڵام ھەموو ئەو بنەمایانە بە دەستووریشەوە لە لایەن حکوومەتەکانی عێراق و فەرھەنگی باڵادەست لە بەغدا پشتگوێ خران و پێشێل کران، کار گەییشتە سەر ئەوەی وەک سزادانێکی سیاسی قووتی تێکڕای گەلی کوردستان بڕدرا کە ئەوە پێشێلکردنی مەترسیداری ھەموو ھەوڵێک بوو بۆ بنیاتنانی عێراق و مەسەلەی شەراکەت.
بارزانی، ئەوەشی روون کردەوە کە گەلی کوردستان، ئەزموونێکی تاڵی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق ھەیە، ھەموو ڕێگەیەکی بۆ پاراستنی عێراقی یەکگرتوو تاقی کردووەتەوە، قوربانی و باجی زۆری داوە، بەڵام بێ ئەنجام بووە و دواجار بەو ئەنجامە گەیشتووە کە مادام نەتوانرێ شەراکەت بپارێزرێ و لەپێناو ڕێگەگرتن لە شەڕ و نەھامەتی و کێشەی مەترسیدار با وەک دوو دراوسێ لە تەنیشت یەکتردا بژیین.
ھاوکات ڕۆشنایی خستەسەر بڕیاری دیاریکردنی ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و جەختی لەوە کردەوە کە بە ھیچ شێوەیەک پاشگەزبوونەوە لەو بڕیارە نییە، پێویستە خەڵکی کوردستان ڕای خۆیان لەبارەی چارەنووس و ئایندەی خۆیان دەرببڕن، دوای ئەوەش ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و ھەموو ڕێگەیەکی ئاشتییانە و دیالۆگ دەگرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەییشتن بە تەفاھومێک کە خزمەتی ئاشتی، ئاساییش و پێشکەوتنی ھەردوولا و ناوچەکە بکات.
لەبارەی شەڕی داعشیشەوە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئەوەی ڕاگەیاند کە گەلی کوردستان باجێکی زۆر گەورەی لەو شەڕە دا، پێشتر ڕێککەوتن ھەبوو کە پێشمەرگە بەشێکە لە مەنزوومەی بەرگریی عێراق، بەڵام ئەو ڕێککەوتنەیش جێبەجێ نەکرا و بەھۆی ئابلۆقەی چەند ساڵەی چەک لەسەر پێشمەرگە، پێشمەرگە چەکی پێویستی نەبوو لەبەرانبەر ئەو تیرۆریستانەی کە باشترین چەکیان لەبەر دەستدابوو، یەکێک لە ھۆکارەکانی جینۆسایدی ئێزیدییەکان ئەو ئابلۆقەیە بوو، کە حکوومەتی عێراق بەسەر ھێزی پێشمەرگەدا سەپاندی و بەمجۆرە حکوومەتی عێراق، کوردستان و پێکھاتەکانی عێراقی لە ھەڕەشەی تیرۆریش نەپاراست، ھەروەھا لەبارەی ئەو ئاوارانەی ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە حکوومەتی عێراق کەمتەرخەم بووە لە یارمەتیدانی ھەرێم وەک بڵێی بابەتی ئاوارەبوونی سەدان ھەزار عێراقی کە لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێبوون لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق ڕووی دابێت.
بارزانی، ھێمای بە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ دا و ئەوەی دووپات کردەوە کە سەرباری ھەموو ئەوانە پێشمەرگە یارمەتی سوپای عێراقی دا، ھێڵە بەرگرییەکانی داعشی تێکشکاند و ڕێگەی بۆ ئۆپەراسیۆنی مووسڵ خۆش کرد، جەختیشی لەوە کردەوە کە ھەماھەنگیی سەربازی لەگەڵ سوپای عێراق و ڕووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی تیرۆر بۆ ھەرێمی کوردستان ئەولەویەت دەبێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا، بارزانی، باسی لەوەش کرد کە ھەرێمی کوردستان، لە شەڕی تیرۆر ھاوکاری حکوومەتی عێراقی دەبێت، داوایشی کرد یەکێتیی ئەورووپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیدەری گەلی کوردستان و عێراق بن لە پڕۆسەی دیالۆگ و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان و گەیشتن بە لێک تێگەیشتنێکی ئاشتییانە، ھاوکاتی داوای ئەوەشی کرد کە یەکێتیی ئەورووپا دژایەتیی مافە یاسایی و سروشتی و ئیلاھییەکانی گەلی کوردستان نەکەن، گەلی کوردستان چاوەڕوانی ئەوەی لە ئەورووپا ھەیە پشتیوانی ئەو مافانەیان بن، لە شەڕی تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان پاڵپشتیان بێت.
باسنيوز
