ورمێ.. چوار هاووڵاتیی کورد سزای بەندکران و سێدارەیان بۆ بڕایەوە

 ورمێ.. چوار هاووڵاتیی کورد سزای بەندکران و سێدارەیان بۆ بڕایەوە
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سێ بەندکراوی کورد لە گرتووخانەی ورمێ سزای 25 ساڵ زیندان و بەندکراوێکی دیکەش سزای سێدارەی بۆ بڕاوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (هەنگاو) هەرچەند ئەو حوکمە نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر دراوە، بەڵام بەمدوایانە بەو چوار بەندکراوە کوردە ڕاگەیەندراوە و تێیدا هاتووە کە یەک کەسیان لەسێدارە دەدرێت و سێ کەسی دیکەشیان بە 25 ساڵ زیندان حوکم دراون.

ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەکان حوکمیان بەسەردا سەپاوە و سێیەم مانگی بەهاری ئەمساڵ پاش دوو مانگ لە دادگایی کران، حوکمەکانیان پێ ڕاگەیەندراوە.

بەپێی هەمان ڕاپۆرت، داوود میهەندووست، خەڵکی ورمێ بە لەسێدارەدان و "تۆفێق عوبدوڵایی، خەڵکی مەهاباد بە 15ساڵ زیندان و هەر یەکە لە یووسف کامێلا، خەڵکی نەغەدە و حەبیب ئەمینی خەڵکی ورمێ بە ٥ ساڵ زیندان حوکم دراون.

ئەم هاووڵاتییە کوردانە کۆتاییەکانی ساڵی 2015 دەستگیر و جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو پاش چوار مانگ ڕاگیران لە گرتنگەی ئیتلاعات بۆ گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرابوونەوە.














باسنيوز
Top