شاندێکی دیپلۆماتیی یەکێتیی ئەوروپا سەردانی کوردستان دەکات
بەپێی راگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە 22.6.2017، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ کونسوڵ و باڵیۆزی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەولێر و بەغدا بە سەرۆکایەتیی ماتریک سیمۆنێت، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق، کۆ بووەتەوە.
شاندە دیپلۆماتییەکەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا ستایشی قارەمانێتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانیان لە شەڕی دژی دەوڵەتی تیرۆریستی داعش کردووە و جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەشێوەیەکی ئاشتییانە، کردووەتەوە.
هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، شاندە دیپلۆماتییەکەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا باسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستانیان کردووە و هیوایان خواستووە ”ئەولەویەتی کارەکان“ی شەڕی دژی داعش گۆڕانکاریی بەسەردا نەیەت.
نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، هەولێر و بەغدا ”پێویستە“ دەست بە دانوستاندن و گفتوگۆ بکەن لەبارەی ئایندەی پەیوەندییەکانیان و چارەسەرکردنی کێشەکان.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها رایگەیاندووە، کە ریفراندۆم خواستی گەلی کوردستانە بۆ ”دەستنیشانکردنی داھاتووی خۆی“ و دڵنیایی داوە لەوەی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی داعش سارد نابێتەوە ”ئەولەویەتی ھەرێمی کوردستان بەرامبەر شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش بە ھیچ شێوەیەک گۆڕانکاری بەسەردا نایەت“.
پێشتر لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
باسنيوز
