بەشداریکردنی هێمن هەورامی لە پانێڵەکەی تورکیادا بە گرنگ وەسف دەکرێت

 بەشداریکردنی هێمن هەورامی لە پانێڵەکەی تورکیادا بە گرنگ وەسف دەکرێت
نوێنەری گەلی کلدانی، ئاشووری و سریانی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات ژمارەیەکی یەکجاری زۆری خەڵکی پێکھاتە جیاوازەکانی عێراق بەھۆی نائارامیی سیاسی و ئەمنی عێراقەوە وڵاتیان بەجێ ھێشتووە و دەڵێت: "ئێمە لە کوردستان کولتووری پاشکۆیەتی قبوول ناکەین".

لە پانێڵێکی ناوەندی توێژینەوەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی (SETA) لە ئەنقەرە، لەبارەی ڕیفراندۆمەوە، ھێمن ھەوارمی، بەرپرسی کاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی مەکتەبی سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: ”ئێمە ھیواخواز بووین بتوانین لە عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسیدا بژین، وڵاتێک بێت بتوانێت بەھا و مافەکانی ئێمەی تێدا پارێزراو بێت، بەڵام ئەگەر باسی سیستەمی فیدراڵی بکەین لە عێراق، ھیچ ئەنجومەنێکی فیدراڵی لە عێراق نییە، بەڵکوو ئەو شتەی ھەیە تەنیا لە دەستوور دایە، بەڵام لەڕاستیدا شتێکی وا نییە".

ئەمیر گوگە یوسف، نوێنەری کلدانی سریانی ئاشووری لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: "لە بەشێکی پانێڵەکەی ھێمن ھەورامیدا باسی ئاوارەبوونی ملیۆنێک کەسی لە ناوچەکانی عێراقەوە بۆ کوردستان کردووە، لەڕاستیدا تیشکی خستە سەر خراپیی رەوشی گوزەرانی پێکھاتە جیاوازەکانی عێراق و لەوێ قسەی دڵی پێکھاتەکانی کوردستان کرا، ئاخر ڕۆژانە لەژێر ناوی تیرۆردا خەڵکی پێکھاتە جیاواز و ئایینیە جیاوازەکان لە عێراق لەناو دەبرێن، لەپێناو بۆچوونی جیاواز و پێکھاتەی جیاواز خەریکە کۆمەڵگەی عێراق بەسەر مەزھەبی شیعە و سوننە دابەش دەبێت، پێکهاتە ئایینییە جیاوازەکان ھەموو عێراقیان بەجێ ھێشت، تاکە شوێنی ئارام بۆ پاراستنیان ھەرێمی کوردستانە".

لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش کرد "لێرە خەڵک بە ئازادانە دەژیت، جارێکی دیکە پاشکۆیەتی بەغدا قەبووڵ ناکرێت، پێمان بڵێن لە کوردستان چیمان لە پێکھاتەکانی دیکە کەمترە؟ ئەمنیەتی ئێمە چۆنە؟ چۆن بەشداریی سیاسیمان پێکراوە؟ ئەی لە عێراق دۆخی پێکھاتەکان چۆنە؟ لە چ گوزەرانێک دن؟ ئەوەش کە پەیوەندیی بە پرسی برینی قوتی خەڵک ھەبوو، لەڕاستیدا لەو پانێڵە باس لەوە کراوە کە ھاوبەشە سیاسییەکانمان لە بەغدا نەھاتنە جواب بۆ بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان پرسیار ئەوەیە کوردستان دووبارە بگەڕێتەوە بۆ باوەشی بەغدا و لەوێ قووتی خەڵک ببڕێت؟".

ئەوەشی خستەڕوو، "جارێکی دیکە قەبووڵ ناکەین لەژێر ناوی عێراقی یەکگرتوو لەناومان ببەن، سەدان شاڵاوی تیرۆر بەسەرماندا ھات لە عێراقی یەکگرتوو کێ لە خەمی ئێمە بوو."

گوگە دەشڵێت: "ئەوە لە تورکیا لە بەریتانیا لە نەمسا لە ھەموو شوێنەکانی جیھان خەڵک بۆ بچووکترین شت ڕیفراندۆم دەکات، ئێستا خەیرە لە بەغدا فەرمانی بە خیانەتکار ناساندنمان دەدرێت؟ تەنیا بۆ ئەوەیە بەشداری لە پرسێک نەکەین کە مافی خۆمانە، لە بەغدای یەکگرتوو و دیموکرات و فیدراڵ، مەگەر بڕیار نەبوو ھەموومان بە ئازادانە بژین؟ خێرە ئێستا خەنجەریان لە دژمان تیژ کردووە؟”.












باسنیوز
Top