ئەمشەو دوا شەوی ھەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەکە بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانی کوردستان
ئەمشەو چوارشەممە ٢١\٦\٢٠١٧ دوایین شەوی ئەو ھەڵمەتەیە کە راگەیاندنکار (ناز عەبدولڵا) بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانی کوردستان، لە رۆژی ١٨\٦ەوە لە ھەولێر لەبەردەم پارکی شانەدەر رێکی خستبوو.
لەمبارەیەوە ناز عەبدولڵا، خانمە راگەیاندنکار، وێڕای سوپاسی بۆ ھەموو ئەو کۆمپانیا، کەس و لایەنانەی لە سێ رۆژی رابردوودا کۆمەکیان گەیاندە ھەڵمەتەکە و ھەروەھا سوپاسی تایبەتی بۆ ئەو کەناڵ و دەزگا میدیاییانەی ھاوکار بوون لە ھەڵمەتەکەدا،راگەیاند: ”ئەمشەویش کە دوا شەوی ھەڵمەتەکەیە لە کاتژمێر ٩:٠٠ی شەو تا کاتژمێر ١:٠٠ی دوای نیوەشەو، لەبەردەم پارکی شانەدەر لە ھەولێر، چاوەڕێی کۆمەکبەخشان دەکەین تا ھاوکاری و کۆمەکەکانیان بگەیەننە لامان، ھیوادارین ئەو کەسانەی دەخوازن کۆمەک بھێنن ئەم دوایین مۆڵەتە بقۆزنەوە و ھاوکارییەکانیان بیھێنن".
ناز عەبدولڵا، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو پێداویستییانەش گرنگن بگاتە دەستیان ئەمانەن: (کۆمەکی دارایی بە ھەر بڕێک بێت، جۆرەکانی عەرەبانەی تایبەت بە کەمئەندامان، گۆچان و گۆپاڵی تایبەت بە نابینایان، دارشەقی کەمئەندامان لە ھەر جۆرێک بێت، سەماعە و پێویستیی نابیستان، حەفازە (دایبی) بە ھەموو جۆرەکانیەوە و دەسڕی کلێنسی تەڕ و وشک لە ھەموو جۆر و قەبارەکانی.
ئاشکراشی کرد: ”دوای ئەوە بە ھەماھەنگی لەگەڵ پتر لە ٢١ رێکخراوی تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی بۆ ئەنجامی ھەڵمەتەکە و شێوازی دابەشکردنی و گەیاندنی بەو کەسانەی کە زۆر پێویستیان بەو کۆمەکەیە، رێک دەکەوین و دەزگاکانی راگەیاندنی لێ ئاگادار دەکەینەوە و لەڕێگەی ئەوانیشەوە ھەموان ئاگادار دەبن کە چی کۆ کراوەتەوە و بڕەکەی چەندە و بە کێ دەدرێ".
bas news-
